پارێزگاری دهۆک: ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە دیارن، بەڵام ئێران نایانکاتە ئامانج

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 - هەولێر

پارێزگاری دهۆک دەڵێت، هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندیییەکی ئابووری و سیاسی لەگەڵ ئیسرائیل نییە، "ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە دیارن، بەڵام ئێران نایانکاتە ئامانج".

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-01-2024، لە زانکۆی دهۆک سیمینارێک لەبارەی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر بەڕێوەچوو. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە پانێلێکدا باسی لە لێکەوتەکانی هێرشەکەی کرد.

بە گوتەی عەلی تەتەر، "ئێران لە رێگەی بە ئامانجگرتنی بازرگان و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان دەیەوێت زیان بە بەرژوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت. باشترین نموونەش بۆ ئەم چەندە، بە ئامانجگرتنی ماڵی هەردوو وەبەرهێنەری هەرێمی کوردستان شێخ باز و شەهید پێشڕەو دزەییە".

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، "هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هاووڵاتییەکی سڤیلی پارێزگای هەولێر هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. هەموو ئەو لیژنە ئەمنییانەی سەردانی شوێنی بۆردوومانەکەیان کرد، جەختیان لەوە کردووەتەوە، ئەو باڵەخانەی بە ئامانج گیراوە، شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە نەک دەزگای سیخوڕی وڵاتێکی بیانی".

پارێزگاری دهۆک جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان "بەهیچ شێوەیەک" پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی لەگەڵ ئیسرائیل نییە. "ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، دیارن، بەڵام ئێران ناوێرێت وڵاتانی دیکە بکاتە ئامانج، دێت مووشەک ئاراستەی کوردستان دەکات".

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".