قایمقامی رواندز: کۆمەڵە پڕۆژەیەک بەگوژمەی زیاتر لە  450 ملیۆن دینار لە رواندز ئەنجام دەدرێت

قایمقامی رواندز
قایمقامی رواندز

K24 - هەولێر

قایمقامی رواندز رایگەیاند، کۆمەڵە پڕۆژەیەک  بە گوژمەی زیاتر لە 450 ملیۆن دینار لە رواندز ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن ئیدارەی سۆرانەوە بۆ پڕۆژەکان تەرخان کراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆمەڵە پڕۆژەیک لە رواندز دەکرێت کە خۆی دەبینێتەوە لە دانانی کەربستۆن، نۆژەنکردنەوەی شەقامی چەند گەرەکێک، قیرتاو کردن کۆنکرێت کردنی کۆڵانەکان، ئەو کۆڵان و شەقامانەی کە خزمەتگوزارییان بۆ نەکراوە.

قایمقام دەڵێت: "ئەو کۆڵان وشەقامانەی کە لەسەنتەری قەزاکەدا هەن، تێکچوون ئێستا بەکەڵکی هاتووچۆ نایەن، کار لەسەر نۆژەندکردنەوەیان دەکرێت، هەڵمەتێکی باشە بۆ نۆژەند کردنەوەی سەنتەری رواندز، کە بە گوژمەی 477 ملیۆن دینار، له‌لایه‌ن ئیداره‌ى سۆرانه‌وه‌ کە بۆ جێبه‌جێ كردنى پڕۆژەکان ته‌رخانكراوه‌.

ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز راشیگەیاند، ماوەی ده‌ستبه‌كاربوون بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كان 180 رۆژه، لەلایەن لیژنەیەک لە قایمقامیەت پێکدەهێنرێت، کە سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات و بەشێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێدەکرێت لەلایەن کۆمپانیای ساوەڵان.

ئەحمەد قادر ئاماژەی دا بە چەندین پڕۆژەی دیکە کە لە تەندەردان لەوانە، راکێشانی ئاو بۆ دۆڵی ئاکۆیان، کۆنکرێت کردنی شەقامەکانی چەندین گوند و شارۆچکەی وەرتێ.