بلومبێرگ: ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوەتە سوپای سوودان

سوودان
سوودان

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، بەرپرسانی رۆژئاوا رایانگەیاندووە، ئێران "فڕۆکەی شەڕکەری بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆ سوپای سوودان دابین کردووە".

ئاژانسی بلومبێرگ، رۆژی چوارشەممە پشتڕاستی کردەوە، کە "لەم مانگەدا مانگی دەستکردەکان وێنەی فڕۆکەیەکی "مهاجر 6"ـی ئێرانییان لە بنکەیەکی ژێر دەسەڵاتی سوپا لە باکووری خەرتوم گرتوووە".

سێ بەرپرسی رۆژئاوایی، کە داوایان کردووە ناویان نەهێنرێت رایانگەیاندووە، "سوودان فڕۆکەی "مهاجر6"ـی لە ئێران وەرگرتووە، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تاکە بزوێنەرییە و لە ئێران دروستکراوە و تەقەمەنی بە وردبینی رێنماییکراوی هەڵگرتووە"، ئەو شرۆڤەکارانەی کە پشکنینی وێنەکانی مانگی دەستکردیان کردووە، بوونی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەیان لەو وڵاتە پشتڕاستکردەوە.

ویم زوینبێرگ، بەرپرسی "پڕۆژەی داماڵینی چەک" لە "رێکخراوی پاکس"ـی هۆڵەندی، گوتی: "لە نێو ئەو بەڵگانەی کە بوونی (مهاجر 6) لە سوودان دەسەلمێنن، وێنەی مانگی دەستکرد هەیە کە لە 9ـی کانوونی دووەم، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە بنکەی ئاسمانی وادی سەیدنا گیراوە، کە لە ژێر دەسەڵاتی سوپای سوودانە لە باکوری خەرتومی پایتەخت".

هەروەها زوینبێرگ، "رادیۆییەکی لاسلکی لە سەرووی ناوەندێکی کۆنترۆڵەوە لەناو بارهەڵگرێکدا لە بنکەی ئاسمانی وادی سەیدنا" وەک بەڵگەیەک بۆ کارکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە دەستنیشانکردووە، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، فڕۆکەی "مهاجر 6" توانای ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ زەوی و شەڕی ئەلیکترۆنی و بە ئامانجکردنی لە بەرەکانی شەڕدا هەیە.

شرۆڤەکاران دەڵێن: پڕچەککردنی سوپای سوودان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران "هەژموونی سەربازی تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز دەکات"، بەو پێیەی پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکانی غەززە و حزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن و هەروەها گروپەکانی سووریا و عێراق دەکات .

عەلی سادق وەزیری دەرەوەی سوودان (راسپێردراو) رۆژی شەممەی رابردوو، لە ئۆگەندا، لەگەڵ جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، محەمەد موخبر، کۆبووەوە، دواتر لە بەیاننامەیەکی سوودان سەبارەت بە کۆبوونەوەکە هاتبوو، کە بەرپرسان باسیان لە گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە و داوایان کردووە هەنگاوەکانی کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی نێوانیان خێرا بکەن.

خەرتوم لە ساڵی 2016 پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران پچڕاند، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی سوودان لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی راگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە هیچ هەنگاوێکی زیادە نەنراوە.

ئالان بۆسوێڵ، بەڕێوەبەری پرۆژەی "قەرنی ئەفریقا" لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، گوتی: "گەڕاندنەوەی هاوپەیمانی لە سوودان، سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ ئێران، هەروەها نیگەرانی ناوچەیی و رۆژئاواییشی لێدەکەوێتەوە".

ئەمەریکا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە شەڕی دژی ئۆکرانیادا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "مهاجر 6"ی بۆ رووسیا دابین کردووە. ساڵی ڕابردوو واشنتن سزاکانی پەیوەست بە ئێرانی فراوانتر کرد.

شەڕی سوودان لە 15 نیسانی ساڵی رابردوو، لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا، تاوەکو ئێستا هەر لایەنێک کۆنترۆڵی هەندێک لە بەشە جیاوازەکانی وڵاتدا کردووە، بەڵام مانگەکانی رابردوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا، زۆرێک لە شوێنەکانی کۆنتڕۆڵکرد، بەتایبەت لە ناوچەی دارفوری رۆژئاوا و ویلایەتی جەزیرەی ناوەند.