پارێزگاری هەولێر لە یادی لەدایکبوونی شەهید ژینا: ئێمە خاوەنی ئیرادەی خۆنەچەمێنین

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

بە چەندین شانۆگەری و چالاکی هوونەری لە شوێنی بۆردوومانەکە رێز لە رۆحی بەرزەفڕی شەھید ژینا پێشڕەو دزەیی گیرا و رێورەسمی یادی لەدایکبوونی بەڕێوەچوو. پارێزگاری هەولێریش لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند، هەولێر ناهەژێت، نالەرزێت و ناترسێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) لە هەولێر لە شوێنی بۆردوومانەکەی سوپای پاسداران، یادی رۆژی لەدایکبوونی شەهید ژینا پێشڕەو دزەیی کرایەوە، هاوکات لە رێورەسمەکەدا بە چەندین شانۆگەری و چالاکی هوونەری رێز لە رۆحی بەرزەفڕی شەهید ژینا پێشڕەو گیرا.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەمیانەی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی رۆژی لەدایکبوونی شەهید ژینا پێشڕەو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ شەهید ژینا دڵی گەلێک، رۆحی شارێک، هەناسەی نیشتمانێک ئاهونزای مرۆڤایەتی لەگەڵدایە، هەروەها ئەگەر زاڵمەکان و مووشکە منداڵکوژەکان نەبووانە ئەوا ئەمڕۆ لێرەدا ژینا لەگەڵ دایک و باوکی و خانەوادەکەی یادی لەدایکبوونی دەکرایەوە.

پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، ئێستا وڵات و میللەتێك بە فرمێسک و بە زامەوە بە رقی تووڕەوە ساڵڕۆژی ئەم پەپولەیە دەکرێتەوە، کۆترەکانی ئاشتی کە هەڵفڕێندران لەسەر وێنەی شەهید ژینا نیشتنەوە و ئەوانیش یادیان کردەوە.

ئومێد خۆشناو، گوتی: ئەوەی روویدا کارەساتێک و زووڵمێکە کە بەسەر گەلەکەماندا هات، خودای گەورە تۆڵەمان دەکاتەوە، ئەگەر سوپای پاسدارانی ئێران خاوەنی مووشکە دوورهاوێژ و منداڵکووژەکان بن، گەلی کوردیش خاوەنی ئیرادەیەکی خۆنەچەماندن و رابەر و مەرجەعیکی سەرمەشقی کوردایەتی و خۆنەچەماندنە.

گوتیشی: ئەگەر هەموو گەلکەمان لەناو بچێت، بەڵام ئیرادەی خۆمان وەک جەنابی سەرۆک بارزانی فەرموویەتی رادەستی ناحەزان ناکەین.

پارێزگاری هەولێر، لە کۆتایی پەیامەکەدا، ئاماژەی بەوەدا، هەولێر ناهەژێت، ناچەمێت و ناترسێت و نالەرزێت، هەولێر و کوردستان و سەرۆک بارزانی هەمیشە براوە دەبن.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".