کۆمپانیای فڕۆکەوانی فڵای بەغداد گەشتەکانی ‌هەڵپەسارد

فڕۆکەیەکی کۆمپانیای فڵای بەغداد - وێنە: ئەرشیف
فڕۆکەیەکی کۆمپانیای فڵای بەغداد - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

کۆمپانیای فڕۆکەوانی فڵای بەغداد سەرجەم گەشتەکانی بۆ کاتێکی نادیار هەڵپەسارد و لیژنەیەکی حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و وردبینی لە کارەکانی ئەو کۆمپانیایە دەکات کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە بە تۆمەتی ئاسانکاری بۆ سوپای پاسدارانی ئێران.

رۆژی پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆمپانیای فڕۆکەوانی فڵای بەغداد لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرجەم گەشتەکانیان بۆ کاتێکی نادیار هەڵپەساردووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆمپانیاکە، لیژنەیەکی حکومەتی عێراق لێکۆڵێنەوە لەگەڵ عەبدولکازم عەلوان، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و کارگێڕی کۆمپانیاکەدا دەکات و فڵای بەغداد پێشوازی لە بڕیارەکەی حکومەت دەکات بۆ وردبینیکردن لە بانگەشەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا.

کۆمپانیای فڵای بەغداد ئاشکرایکردووە، بەهۆی سڕکردنی هەژمارە بانکییەکانمانەوە ناتوانین پارەی بلیتی گەشتکردن بۆ گەشتیاران بگەڕێنینەوە و داواکارین حکومەتی عێراق هاوکاریمان بکات و گەشتیاران لە رێگەی کۆمپانیاکانی دیکە بگوازێتەوە.

رۆژی (22ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای بەغداد سەپاند.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی فڵای بەغداد، فڕۆکەکانی بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی چەکداران، چەک و پارە بۆ سووریا و لوبنان بۆ پاڵپشتیکردنی گرووپە میلیشیکانی ئەو دوو وڵاتە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن.

دوای راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، کۆمپانیای فڵای بەغداد راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تۆمەتەکانی رەتکردەوە کە هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی کردبێت و ئاماژەی بە بەردەوامی گەشتەکانیشدا، بەڵام دواتر بەهۆی بلۆککردنی هەژمارە بانکییەکانیان و بڕیاری لێکۆڵینەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییە هەڵپەسێردرا.