سابت عه‌باسی: كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و کاتی کشانەوەی هێزەکانیان دیاری دەکرێت

سابت محه‌ممه‌د عه‌باسی، وه‌زیری به‌رگری عێراق
سابت محه‌ممه‌د عه‌باسی، وه‌زیری به‌رگری عێراق

K24 – هەولێر:

وه‌زیری به‌رگری عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، لیژنەی باڵای سەربازی عێراقی - ئەمریکی دەست بە گفتوگۆکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکاتەوە بۆ دیاریكردنی واده‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 25ـی كانوونی دووه‌می 2024) سابت محه‌ممه‌د عه‌باسی، وه‌زیری به‌رگری عێراق رایگه‌یاند، هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق له‌ ته‌واوی ئاماده‌باشیدان بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و گرتنه‌ئه‌ستۆی دۆسیه‌ی ئه‌منی له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات.

وه‌زیری به‌رگری عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دیاری دەکرێت و پەیوەندی هاوکاری هاوبەش لەنێوان عێراق و ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، ئابووری، کولتووری، ئەمنی و سەربازیدا بنیات دەنرێت، کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو هێزەی هاوپەیمانان.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هێزە چەکدارەکانی عێراق بەتەواوەتی ئامادەکارییان کردووە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆنترۆڵکردنی تەواوی مەلەفی ئەمنی لە وڵاتدا، بەتایبەتی دوای ئەو ئەزموونەی لە ساڵانی رابردوودا بەدەستیان هێناوە به‌تایبه‌تی له‌ مامەڵەکردنیان لەگەڵ نەهێشتنی هەڕەشە ئەمنییەکان بۆ سه‌ر وڵات.

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دانوستانەکان لە مانگی ئابی 2023ـەوە دەستیپێکردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، گفتوگۆکان لەبارەی دانانی خشتەیەک بۆ دیاریکردنی ماوەی مانەوەی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و کەمکردنەوەی پلەبەندی راوێژکار و ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەسەر خاکی عێراق بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردوو وڵات لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق پێکدەهێنن و ئاماژەی بەوەکردوە، گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمەریکا بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ هەڵسانگادنی مەترسی داعش و دیاریکردنی خشتەیەکی زەمەنی روون بۆ ماوەی بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق سەرکەوتوو بوو.