سەفین دزەیی: پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان بپارێزێت

سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، گرووپە لە یاسا دەرچووەکان هەوڵدەدەن پشێوی بخەنە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا. گوتیشی: پێویستە حکومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ هێرشی ئەو گرووپە لەیاسا دەرچووانە دابنێت و سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان بپارێزێت.

ئەمڕۆ هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بەداخەوە ئەو هێرشانە دووبارە و دەبارە بوونەتەوە، دەبێت حکومەتی فیدراڵی بە کردار هەنگاوێکی جیددی بنێت بەرامبەر بەو کردارە ناپەسەندانە کە دژی مرۆڤایەتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئانجامدەدرێت.

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، وەک زنجیرەیەک چەندین کرداری نا پەسەند دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت، هەر لە راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕینی بودجە، هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان و تا دەگاتە جێبەجێنەکردنی پڕۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەوانە هەموو کرداری ناڕەوان دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و قابیلی قبوڵ نییە.

سەفین دزەیی، گوتی: ئێمە هاوبەشی حکومەتی فیدراڵین، پێش ئەوەی ئەو حکومەتە نوێیە پێکبێت کارنامەیەک هەبووە، نەخشەرێگایەک هەبووە، پێویستە ئەو نەخشەرێگایە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. باسی لەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدات و جیددیە لە کارەکانی، بەڵام هەندێک گرووپی لە یاسا دەرچوو هەیە هەوڵددەدەن پشێوی بخەنە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا.

لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: تا ئێستا هیچ هەوڵێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە، بەڵام زوو بێت یان درەنگ هێزەکانی بیانی هەر عێراق بەجێدەهێڵن، بەڵام پێویستە لە چوارچێوەیەکی گونجاو بێت ئەو کاتی کە عێراق سەقامگیرە، لە 2011 کاتێك هێزەکانی ئەمەریکا عێراقیان جێهێشت، حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە سوپایەکەیان مەشقیان پێکراوە ئامادەن عێراق باپرێزن، "بەڵام بەداخەوە بینیمان لە ساڵی 2014 کە چۆن ئەو سوپایە داڕما".

گوتیشی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە ئێستادا لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە لە کاتێکدا کە داعش هێشتا هەڕەشەیەکی جیددییە، وڵاتان باش ئەوە دەزانن و هەستیان بەو مەترسییە کردووە.