لە عێراق و سووریا بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی

بنکەی سەربازی عەین ئەسەد
بنکەی سەربازی عەین ئەسەد

K24 - هەولێر

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەرزاری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بڵاویکردووەتەوە، لە 24کاتژمێری رابردوودا گرووپە میلیشیاکانی عێراق، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بە درۆنی هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق و قەریە خەزرا لە سووریا.

بە گوتەی بەرپرسانی پێنتاگۆن، لە هێرشەکاندا ژمارەیەک کارمەندی ئەمەریکی بەسووکی برینداربوون و زیانی ماددیش بەر بنکەکان کەوتوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و دوای هێرشەکانی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشی پێچەوانەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، گرووپە میلیشیاکانی عێراق، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناساندووە نزیکەی 160 جار هێرشیانکردووەتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لەعێراق و سووریا و داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا و ناوچەکە دەکەن.

دەربارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، باسم عەوادی گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی لیژنه‌ی باڵای سه‌ربازی عێراق و ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا كۆبوونه‌وه‌ی پیشه‌یی سه‌ربازی ده‌بن و گفتوگۆ له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرێت له‌ عێراق.

پێشووتریش، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاندبوو، لەسەر بنەمای ئەو پرۆسەیەی ئەمەریكا و عێراق لە دیالۆگی هەماهەنگی هاوبەشی ئاسایشی نێوانیان لە ئابی 2023 لە واشنتن دەستیانپێكردووە، لە رۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمەریكا و عێراق بەڕێوەدەچن.

وەزیری بەرگری ئەمەریكا راشیگەیاندووە، قۆناغی دانانی خشتەی كاتی بۆ گۆڕینی ئەركی هێزەکانی هاوپەیمانی لە عێراق بە لەبەرچاوگرتنی سێ فاكتەری سەرەكی دەبێت، ئەوانیش هەڕەشەی داعش، هەڵومەرجی گونجاو و پێداویستییەكان و توانای هێزە سەربازییەكانی عێراق.