وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی و کارەبا گەڕاوەتەوە ئاستی ئاسایی خۆی

ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، بەرهەمهێانی گازی سرووشتی و وزەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.

ئەمڕۆ شەممە، 27-01-2024، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەرهەمهێانی گازی سرووشتی و وزەی کارەبا لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، گەڕاوەتەوە ئاستی ئاسایی خۆی".

بە گوتەی ئەحمەد موفتی، ئەو هێرشەی رۆژی پێنجشەممە کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، "کاریگەریی هەبوو لەسەر بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا. لەمەشدا تەنها هاووڵاتییان زەرەمەرمەند بوونە. کارمەندانی کێڵگەکە توانییان بە پیشەییانە و لە کاتێکی کەمدا کێشە تەکنییەکان چارەسەربکەن".

کاتژمێر 10:30ـی شەوی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، بە چەند کاتیۆشایەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی – غازیی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. بەهۆی هێرشەکەوە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.

دوێنێ هەینی، 26-01-2024، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكرد: پاش هەوڵ و كۆششی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی كارەبا و تیمەكانی كۆمپانیای دانەغاز، تواندرا گرفتی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر چارەسەر بكرێت. لە ئێستادا وەزارەتی كارەبا لەرێگەی سەنتەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمەوە سەرقاڵی ئاسایكردنەوەی ئیشپێكردنی یەكەكانی وێستگە غازییەكانی كارەبان.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی 2003ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە. رووبەرەکەی 135 کیلۆمەتر دووجایە. لەلایەن کۆمپانیان دانەغاز و کۆمپانیای هیلالی ئیماراتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەرهەمی رۆژانەی زیاتر لە 450 ملیۆن پێ سێجا غازە، لەگەڵ 22 هەزار بەرمیل نەوت.

ئەم کێڵگەیە رۆژانە چوار هەزار و 200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت کە لەو بڕە 2800 مێگاواتی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەمێنێتەوە رەوانەی هەردوو پارێزگای کەرکووک و مووسڵ دەکرێت. یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە زیاتر لە هەشت ترلیۆن و 200 ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستتگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە سەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.