موختارەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین پەیامێک ئاڕاستەی مامۆستایان دەکەن

دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن
دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن

K24 - هەولێر

موختارەکانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین لە پەیامێکدا داوا مامۆستاکانی سنوورەکە دەکەن دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بە رووی قوتابیاندا بکەنەوە.

لە پەیامەکەیان دا دەڵێن: لەگەڵ ئەوەی پاڵپشت و هاوڕاین بۆ دابینکردنی مافە رەواکانی مامۆستایان، بەڵام هەست دەکەین دابڕانی قوتابیان له پرۆسەى پەروەرده و فێرکردن بۆ ساڵێکی خوێندن، زیانێکی گەوره بە پڕۆسەکە دەگەینێت، کە بەهیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە.

گوتیشیان: ئومێد دەکەین پەروەردەکار و فێرکارانی کۆمەڵگا، رێچکەشکێن بن بۆکردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن و دەستپێکردنەوەی پرۆسەکه.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لە 786 ناوەند پرۆسەی خوێندن ئاسایی بووەتەوە و لە هەوڵدان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا پرۆسەی خوێندن لە تەواوی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەست پێبکرێتەوە و مامۆستا و قوتابیان بگەڕێنەوە بەر خوێندن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی کوردستان24 کەوتوون، تاوەکوو رۆژی دووشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2024 دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن بەمشێوەیە بووە:

- خوێندنی پیشەیی 100%

- قوتابخانە ئامادەییەکان 89%

- قوتابخانە ناوەندییەکان 60%

- قوتابخانە بنەڕەتییەکان 28%