بێوار عەبدولعەزیز: سێ لە بریندارانی رووداوە ئاگرکەوتنەکەی سێمێل گیانیان لەدەستدا

موقەدەم  بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک
موقەدەم  بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک

K24 - هەولێر

سێ لەو حەوت کەسەی لە رووداوە ئاگرکەوتنەکەی گوندێکی سێمێل بریندارببوون، گیانیان لەدەستدا.

چەند رۆژێک پێش ئێستا بەهۆی تەقینەوەی سۆپایەکی گاز، ماڵێک لە گوندی "هاجسنێ"ی سنووری قەزای سێمێل، لە پارێزگای دهۆک گڕیگرت و بەهۆیەوە حەوت ئەندامی خێزانێک برینداربوون.

موقەدەم  بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە کوردستان24ـی  رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، 27-01-2023، سێ کەس لەو حەوت بریندارە، لە نەخۆشخانەیەکی دهۆک گیانیان لەدەستداوە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، چوار بریندارەکەی دیکە لە ژێر چاودێری پزیشکیدان و تەندروستیی بەشێکیان "جێگیرە".