خەلیفان... جۆرە ھەمبەرگەرێكی ساختە لە بازاڕەکان دەفرۆشرێت

"لە بەغداوە بەرھەم دەھێنرێت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/43edea5a-d0e1-4740-aa84-123650e0f09f/xalifan%20dastbasar%20krdn.ism/manifest

K24- سۆران:

لیژنەی ئابووریی و تەندروستیی لە شارەدێی خەلیفانی سەر بە شارۆچکەی سۆران رایگەیاند کە دەستی بەسەر بڕێك ھەمبەرگەردا گرتووە ساختەیە و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێ.

ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "لە لایەن ھاوڵاتییەك ئاگاداركراینەوە كە جۆرێك ھەمبەرگەری ساختە لە بازاڕی خەلیفان دەفرۆشرێ، كە دوو رێکەوتی ماوەی بەسەرچوونی لەسەر نووسراوە و كاتی بەسەرچوونی راستەقینەی لەزگەی لە سەردراوە بۆ ئەوەی بە ساختە بیفرۆشرێن".

ئەحمەد قادر گوتیشی: "سەروی خۆمان ئاگادار دەكەینەوە بۆ ئەوەی لیژنەی ئابووریی لە شارەكانی دیكە دەست بەسەر ئەو جۆرە ھەمبەرگەرەدا بگرن"، و گوتی: "ئەو جۆرە ھەمبەرگرە لە بەغداوە بەرھەمدەھێنرێت و ھەناردەی ھەرێمی كوردستان كراوە".

بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان هاوکات داوا لە ھاوڵاتییان دەكات، خۆیان بپارێزن لە خواردنی ئەو جۆرە ھەمبەرگرە تا لێكۆڵینەوەی زیاتری لەسەر دەكەن، "چونكە ئەگەر گرفتێكی نەبێت ساختەیی لە رێکەوتی بەسەرچوونیدا نەدەکرا".

چەند ساڵێكە لیژنەی تەندروستیی لە شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان پێکهێنراوە، بۆ ئەوەی چاودێری بازاڕ و فرۆشگاكان بكەن، زۆرجار لە لایەن ھاوڵاتییانەوە ئەو لیژنانە لە ھەبوونی خواردن و كەلوپەلی ماوە بەسەرچوو ئاگادار دەكرێنەوە.

ئا: ھەڤاڵ مەلا