رێباز حه‌ملان: گرووپه چه‌كداره‌كان و هه‌ندێك له وڵاتانی دراوسێ ئامانجیان له‌ناوبردنی هه‌رێمی كوردستانه
K24 - هەولێر:
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌موو ئامانجی گرووپه چه‌كداره‌كان و هه‌ندێك له وڵاتانی دراوسێ له هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ژێرخانه ئابوورییه‌كه‌ی بۆ نه‌هێشتنی قه‌واره ده‌ستوورییه‌كه‌یه‌تی.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 27ـی كانوونی دووه‌می 2024) رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵه‌كان له عێراق و له لایه‌ن هه‌ندێك له وڵاتانی دراوسێ بۆ ئه‌وه‌یه قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنێت، له كاتێكدا ئه‌و هه‌رێمه به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان و قوربانیدانی گه‌لی كوردستانه.
رێباز حه‌ملان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ندێك له په‌رله‌مانتارانی كورد له عێراق بوونه هۆكار و هاندانی نه‌یارانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ر سیاسه‌ت و ئابووری و ئایینده‌ی هه‌رێمی كوردستان.
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد، سه‌رباری هه‌موو ئه‌و نه‌یارییانه‌ی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان كرا له‌لایه‌ن به‌غداوه، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنیشی كرد و هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی خۆیشی جێبه‌جێ كرد، به‌ڵام عێراق هیچ وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌بوو.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، سه‌رباری هه‌موو ئاسته‌نگ و ئاڵنگارییه‌كان كه رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام كوردستان رۆژ دوای رۆژ زیاتر ئاوه‌دان ده‌بێته‌وه و زیاتر ده‌بووژێته‌وه، ئێستاش له رێگه‌ی مووشه‌ك و درۆنه‌كانیانه‌وه ژێرخانی ئابووری و وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ئامانج ده‌گرن.
ناوبراو روونیشیكرده‌وه، عێراق به‌رده‌وام ده‌ڵێت هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له عێراق، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شێكه له عێراق بۆچی مووچه و شایسته‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نانێرێت؟ جه‌ختیشیكرده‌وه پرسی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ر بابه‌تی نه‌وت و مووچه نییه، به‌ڵكو ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره نه‌مێنێت.
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به پێویستیشی زانی حكومه‌تی عێراق كاری جددیتر بكات بۆ رێگه‌گرتن له هێرشه ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. گوتیشی، ده‌ركردنی به‌یاننامه و پێكهێنانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه به ته‌نیا به‌س نیین، به‌ڵكو ده‌بێت حكومه‌تی عێراق دژی ئه‌و هێرشانه به كرده‌یی بوه‌ستێته‌وه.