لە ریزبەندی ئارامترین شارەکانی جیهان بەغدا لە پلەکانی کۆتاییدایە

شاری بەغدا
شاری بەغدا

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی ریزبەندی ئارامترین شارەکانی جیهان بۆ گەشتکردن کە گۆڤاری (CEOWORLD) بڵاویکردووەتەوە، شاری ئەبوزەبی لە پلەی یەکەمدایە و شاری بەغداش لە کۆی 300 شاردا، لە پلەکانی کۆتاییدایە.

گۆڤاری (CEOWORLD) نوێترین ریزبەندی بۆ ئارامترین شارەکانی جیهانی بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە کە لە ریزبەندی 10 ئارامترین شاری یەکەمدا، هەریەکە لە (ئەبوزەبی - ئیمارات، تایپە - تایوان، دەوحە - قەتەر، عەجمان - ئیمارات، دوبەی - ئیمارات، رەئس ئەلخەیمە - ئیمارات، مەسقەت - عومان، دێن هاگ – هۆڵەندا، بێرن – سویسرا و میونخ – ئەڵمانیا) لەدوای یەک دێن.

ریزبەندییەکە 300 شاری جیهان لە خۆدەگرێت و بەغدای پایتەختی عێراقیش لە ریزبەندی 264ـەمین ئارامترین شاری جیهاندا هاتووە و شاری شیکاگۆی ئەمەریکیش لە ریزبەندی کۆتایی دێت.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ریزبەندییەکەی لەسەر بنەمای کۆی گشتی تۆمارکردنی تاوان و ئاسوودەیی ژیان بۆ گەشتیاران و دانیشتووان، لەگەڵ بوونی هێزی پۆلیسی بەهێز و گرتنەبەری رێکاری ئەمنی و بوونی دەسەڵاتێکی سەقامگیر کە ئاسایش و سەلامەتی شارەکە و هاووڵاتییانی بپارێزێت.