کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان رێپێوانێکیان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر هەولێر ئەنجامدا

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

بە بەشداری کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، دەزگای پاراستنی ئاڵای کوردستان، بە رێپێوانێک تا ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، ئیدانەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و هەولێر کرد.

رۆژی شەممە (27ـی کانوونی دووەمی 2024) ئەندامانی دەزگای پاراستنی ئاڵای کوردستان کە لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێکهاتبوون، بە هەڵگرتی ئاڵای کوردستان و دادانی تاجەگوڵینە لە شوێنی بۆردمانکردنی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، چیتر لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بێ دەنگ نەبن.

لەلایەن خۆیەوە، هەیفا جاف، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری دەزگای پاراستنی ئاڵای کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئامانجی رێپێوانەکەیان رایگەیاند، "ئێرە شوێنی قوربانیانی سیڤیلە و دەبێت بکەرانی ئەم تاوانە شەرمەزار بکرێن".

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکە لە ئەستۆ گرت و پاساوەی ئەو تاوانەشی بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، کە هەر زوو ئەم تۆمەتەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە".

کاردانەوەکانی ئەم هێرشە لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چین و توێژە جیاوازەکانەوە ئیدانە کرا و هێرشەکەی ئێران بە تاوانێکی بێ پاساو و بێ بنەما وەسفکرا، تەنانەت لەسەر ئاستی جەماوەری داوای بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای ئێرانی و پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە کرا.