ژمارەیەک کەسایەتی سلێمانی: دەوامنەکردنی بەشێک لە مامۆستایان زیانی بە پرۆسەی خوێندن گەیاندووە

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ژمارەیەک کەسایەتی سلێمانی
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ژمارەیەک کەسایەتی سلێمانی

K24 – سلێمانی:

ژمارەیەک کەسایەتی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا داوا لەو مامۆستایانە دەکەن کە هۆڵەکانی خوێندیان جێهشتووە، بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن و دەست بە پڕۆسەی خوێندن بکەنەوە.

رۆژی شەممە (27ـی کانوونی دووەمی 2024) ژمارەیەک کەسایەتی دیاری پارێزگای سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دەوامنەکردنی بەشێک لە مامۆستایان و دەستپێنەکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، رایانگەیاند، بایکۆتی خوێندن لە هەندێک ناوچە زیانێکی زۆری بە قوتابییان و زانست و فێربوون گەیاندووە.

رۆژی (25ـی کانوونی دووەمی 2024) عومەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند: تاوەکو ئێستا لە 786 ناوەند، پرۆسەی خوێندن ئاسایی بووەتەوە و لە هەوڵدان لە سەرەتای هەفتە داهاتوودا پرۆسەی خوێندن لە تەواوی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەست بکرێتەوە و مامۆستا و قوتابیان بگەڕێنەوە بەر خوێندن.

بەگوێرەی خشتەی ساڵنامەی خوێندن، دەوامی وەرزی یەکەم لە (9ـی کانوونی دووەم تا 4ـی ئاداری 2024) دەبێت و لە (9 تا 19ـی ئاداری 2024)ـیش لە 80 نمرە، تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم ئەنجام دەدرێت. هەروەها دەوامی وەرزی دووەمی خوێندن لە (24ـی ئادار تا 16ـی ئایاری 2024) دەبێت و لە (19 تا 30ـی ئایاری 2024)ـیش لە 80 نمرە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەم ئەنجام دەدرێت.

بەهۆی بەردەوامی دواكەوتنی مووچە و شایستەداراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، فەرمانبەران تەواوی مووچەكانیان وەرنەگرتووە و مامۆستایانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بایكۆتی خوێندنیان کرد، رۆژی (7ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی پەروەردە بە نووسراوێک کە واژۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی بەسەرەوەیە و ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە، تێیدا هاتووە: "ئاماژە بە یاداشتی مامۆستایان کە ئاراستەمان کراوە، پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی هەیە کە پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان دەست پێبکات لەگەڵ بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی دامەزراوە بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری".