بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر

بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بەیانیی ئــەمــڕۆ یەکــشــەممە، 28-01-2024، کاتــژمێر 10:00، بــە ئــامادەبوونی مەسرور بــارزانــی، سەرۆکی حکــومــەتی هەرێمی کوردستان، لــە هـــەولێری پایتەخـــت، سێیەمین کـــۆنفرانســی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

14 نوێنەرایەتییەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 14 وڵات نوێنەرایەتی هەیە کە لەسەر کارنامە و   سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردستان کار دەکەن. پێشتر سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە پلانیاندایە نوێنەرایەتییەکە لە چەند وڵاتێکی دیکەش بکەنەوە.

کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان

لەسەر ئاستی ناوخۆش؛ زیاتر لە 40 وڵات کونسوڵخانەی گشتی، کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لەو ژمارەیە 38 وڵات ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن. جێگەی باسە تەنها کۆماری ئێسلامی ئێران کونسوڵخانەی لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی هەیە. ساڵی 2007 و بۆ جاری یەکەم هەر یەکە لە رووسیا و ئێران کونسوڵخانەی خۆیان لە هەرێمی کوردستان کردەوە.

کردنەوەی ژمارەیەک کونسوڵخانەی نوێ لە هەرێمی کورستان و بوونی دەیان کونسوڵخانەی دیکە، وەکو ئەوەی سەفین دزەیی ئاماژەی پێ دا، "ئاماژەیەکی باشن کە هەرێمی کوردستان پێگە و جێگەیەکی تایبەتی هەیە و ئەو نوێنەرانەش سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکانیان پیادە دەکەن لە رووی پتەوکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان".

بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی

بەھێزكردن و بە نیشتمانیكردنی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یەكێك لە ئەركە پێشینەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە. بەشێوەیەك لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، كابینەی نۆیەم لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەكی گەورەدابوو بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەشەی كارنامەی حكومەت.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەختترین بارودۆخەكاندا توانیویەتی خوێندنەوەیەكی دروست بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان هەبێت، تەنانەت دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆكتۆبەر بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە بەرەو پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ھەنگاوی نا.