قوباد تاڵەبانی: نوێنەرایەتییەکان بۆ پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان گرنگن

K24 – هەولێر

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بێگومان نوێنەرایەتییەکان گرنگن و دەتوانن رۆلێکی کاریگەر لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتان ببینن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێڵی یەکەم بەناوی "پێگەی سیاسی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵدا، دەرفەت و ئاڵنگارییەکان"، لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بێگومان نوێنەرایەتییەکان گرنگن و دەتوانن رۆلێکی کاریگەر ببینن، هەم بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانەی لێین، هەمیش بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و رۆشنبیری و پەیوەندییەکانی دیکەوە.

گوتیشی: ئەم کۆنفرانسانە گرنگن بۆ ئەوەی نوێنەرەکان بە ئاگاتر بن لە دۆخی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەماهەنگییەکی باشتر لەگەڵ وەزارەت و پارێزگارەکان و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان دروست بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی شەڕی رزگاری عێراق، کورد رۆلێکی بەرچاوی هەبوو لەو شەڕەدا، هەروەها نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا توانی رۆلێکی زۆر کاریگەر ببینێت بۆ گەیاندنی زانیاری دروست بە حکومەتی ئەمەریکا، هەروەها دروستکردنی پەیوەندی فراوان لەگەڵ سینات و کۆنگرێسی ئەمەریکا.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، ئێستا دۆخەکە جیاوازە بەوەی ئەمەریکا نوێنەرایەتی لێرە هەیە، هەروەها حکومەتی هەرێمی نوێنەرایەتی لە ئەمەریکا هەیە. بۆیە گرنگی ئەو پەیوەندییە ئەوەیە، کە نوێنەرایەتیەکەمان زوو زوو لە دۆخ و سیاسەتی ئەمەریکا ئاگادارمان بکاتەوە.

راشیگەیاند، بەهەمان شێوە ئەبێت نوێنەرەکەمان پەیامەکانی ئێمە بگەیێنێت و تێیان بگەیێنێت، کە کوردستان لەژێر چ فشار و هەڕەشەیەکە، ئەو دەرفەتانەی ئەمەریکا چین لە هەرێمی کوردستان.

کومەتی هەرێمی کوردستان لە 14 وڵات نوێنەرایەتی هەیە کە لەسەر کارنامە و   سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردستان کار دەکەن. پێشتر سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە پلانیاندایە نوێنەرایەتییەکە لە چەند وڵاتێکی دیکەش بکەنەوە.

کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان

لەسەر ئاستی ناوخۆش؛ زیاتر لە 40 وڵات کونسوڵخانەی گشتی، کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لەو ژمارەیە 38 وڵات ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن. جێگەی باسە تەنها کۆماری ئێسلامی ئێران کونسوڵخانەی لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی هەیە. ساڵی 2007 و بۆ جاری یەکەم هەر یەکە لە رووسیا و ئێران کونسوڵخانەی خۆیان لە هەرێمی کوردستان کردەوە.

کردنەوەی ژمارەیەک کونسوڵخانەی نوێ لە هەرێمی کورستان و بوونی دەیان کونسوڵخانەی دیکە، وەکو ئەوەی سەفین دزەیی ئاماژەی پێ دا، "ئاماژەیەکی باشن کە هەرێمی کوردستان پێگە و جێگەیەکی تایبەتی هەیە و ئەو نوێنەرانەش سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکانیان پیادە دەکەن لە رووی پتەوکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان".