سەعدی پیرە: نوێنەرەکان زۆر گرنگن بۆ گەیاندنی دەنگی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولیر

گوتەبیژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، بوونی نوێنەرایەتییەکان وەک سەنگەری بەرگری کردن وایە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، سەعدی پیرە، گوتەبیژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، بوونی نوێنەرایەتی و فەرمانگەکانی دەرەوە گرنگە، خەونێکی دێرینی میللەتەکەمان بوو وەکو یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و چاکسازییەکان لەبواری پێشمەرگە و ژێرخانی ئابووری بکرێت، بوونی نوێنەرایەتییەکان لە دەرەوە ئەمە یەکێکە لە سەنگەرەکانی بەرگریی کردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە رێگای دیپلۆماسی و سیاسییەوە.

ئەو گوتەبیژە دەڵێ: "ئێستا هەرێمی کوردستان لەژێر فشار و هەرەشەیەکی گەورەدایە، مووشەک باران و درۆن باران دەکرێت و کێشەشمان لەگەڵ بەغدا هەیە، کێشەی سنوورییەکانمان هەیە و سەروەریمان بریندار دەکرێت، بۆیە ئەم کۆنفڕانسە زۆر گرنگ بوو بکرێت".

گوتەبێژەکەی یەکێتی راشیگەیاند، پێویستە پڕۆژە و پلانێک دابنرێت بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان، هەروەها نوێنەرەکان دەبێت بەیەکگرتووی پەیامەکانیان بگەیێنن، لە هەرلایەکی کوردستان کێشە و هێرش هەبێت، بۆ بچووک کردنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو وڵاتانەی هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان بە ئومێدی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانن، بۆیە ئەوەی پێی وایە ئەمە هەولێرە و پەیوەندی بە سلێمانییەوە نییە، یاخود پێچەوانەکەی هەموو ئەمانە خۆ بچووکردنەوە و بچووکردنەوەی هەرێمی کوردستانە و پێویستە بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکرێت.