فەوزی قەدور: سویسرا هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات

فەوزی قەدور، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سویسرا
فەوزی قەدور، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سویسرا

K24 – هەولێر:

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سویسرا، ئاماژە بەوە دەکات، سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان پاڵپشتی بەردەوامی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکەنەوە، هاوکات لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێریش بە توندی ئیدانەی ئەو کارەیان کرد و جەختیان لە پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان کردەوە.

فەوزی قەدور، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سویسرا، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆمیتەی کۆڕبەندی داڤۆس و حکومەتی سویسرا  وەکو دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، هاوکات ئامادەی هەموو هاوکارییەکن بۆ هەرێمی کوردستان.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سویسرا، هەروەها راشیگەیاند، سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان لە داڤۆس سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێریان کرد و پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و جەختیشیان لە پاراستنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان کردەوە.

فەوزی قەدور، دەڵێت: حکومەتی سویسرا زۆر گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدات، هەمیشە داواکارە پەیوەندی ئابووری و سیاسی نێوانیان زیاتر پەرەی پێبدرێت و فروانتر بکرێت.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سویسرا، باسی لەوەشکرد، سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا چاویان لە گازی سرووشتی هەرێمی کوردستانە، دەیانەوێت هەرێمی کوردستان گازی سروشتی بۆ هەموو ئەوروپا دابین بکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە (28ـی کانوونی دووەمی 2024) کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی  بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێری پایتەخت دەستیپێکرد.