خۆپیشاندانی خەڵکی چەمچەماڵ لە دژی هێرشەکەی سەر هەولێر دەستیپێکرد

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

خۆپیشاندانی فراوانی خەڵکی چەمچەماڵ و دەوروبەری، لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سەر هەولێر دەستیپێکرد.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 29-01-2024، کاتژمێر 10:00، خۆپیشاندانی فراوانی خەڵکی چەمچەماڵ، لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستیپێکرد.

خۆپیشاندەرێک بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "ئامانجمان لەم خۆپیشاندانە، سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە تیرۆریستییەیە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرایە سەر شاری هەولێر و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین هەنگاو بنێن بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان".

بەشداربوویەکی خۆپیشاندانەکە گوتی، "مەبەستی ئێران تەنها تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستانە. ئەو تۆمەتانەی دراونەتەوە پاڵ خەڵکی سڤیلی هەولێر دوورە لە راستییەوە، چونکە لیژنەی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی ئەمنی عێراق ئەوەیان پشتراستکردەوە کە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی بوونی نەبووە".

بە گوتەی خۆپیشاندەرێکی دیکەی چەمچەماڵ، "ئەگەر کورد ماڵی خۆی رێکبخات و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان هاوهەوڵوێست بن، هیچ لایەنێک ناتوانێت هێرشی مووشەکی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان و ستەممان لێ بکات. هەموو لایەک دەزانێت، ئەگەر ماڵی کورد یەکنەبێت، کورد نامێنێت، چونکە بەردەوام لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دژایەتیی دەکرێت".

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەک گوتی، هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، "ستەمێکی گەورەیە بەرامبەر گەلی کورد. هەولێر لە ساڵی 2020ەوە رووبەڕووی دەیان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە. ئەمە جێگەی نیگەرانی هەموومانە".

خۆپیشاندەرێکی دیکەش ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشییە تیرۆرستییەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەخت دەکەین. هەموو جیهان دەزانێت ئێران تیرۆرستە، بۆیە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین ئەو هێرشانە بۆسەر خاک و نیشتمانمان دووبارە نەبێتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون، بەڕێوەچوو.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".