فڕۆکەیەکی جەنگی خانووی هاووڵاتییەکی لە سنووری سلێمانی بۆردوومانکرد

وێنەی ئەو خانووەی بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکەوە خاپوور بووە (وێنەکە بۆ کوردستان24 نێردراوە)
وێنەی ئەو خانووەی بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکەوە خاپوور بووە (وێنەکە بۆ کوردستان24 نێردراوە)

K24 - هەولێر

فڕۆکەیەکی جەنگی خانووی هاووڵاتییەکی لە گوندی گەڵالەی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆردوومانکرد. بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بۆردوومانەکە زیانی گیانی نەبووە.

نزیکەی کاتژمێر 01:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 29-01-2024، ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلی گوندی گەڵالەی سەر بە قەزای ماوەت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی "لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگییەوە" بۆردوومان کرا. 

هاووڵاتییەکی گوندەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەهۆی بۆردوومانەکە خانووەکە بە تەواوەتی خاپوور بووە. گومان دەکەین فڕۆکە جەنگییەکە هی سوپای تورکیا بێت، چونکە پێشتریش چەند جارێک تورکیا بە بیانووی بوونی پەکەکە ناوچەکەی بۆردوومانکردووە". گوتیشی، "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە، چونکە ئەو کاتەی بۆردوومانەکە کراوە، خانووەکە چۆڵبووە؛ ئەو هاووڵاتییانەی لەنێویدا دەژیان، چووبوونە شاری سلێمانی".

بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە، بۆردوومانەکە زیانی بە چەند کێڵگەیەکی کشتوکاڵیش گەیاندووە. ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای کاتژمێر 01:00ـی شەو، بەردەوام گوێمان لە دەنگی بۆردوومانەکان دەبوو".