سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی: دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت

K24 - هەولێر

سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداری لە فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و دەشڵێت، "نابێت خەڵكی عێراق باجی ململانێکانی ناوچەکە بدات".

ئەمڕۆ دووشەممە، 29-01-2024، حەیدەر لامی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزاد تێپەڕ دەبێت. شەڕەکەی حەماس و ئیسرائیل لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە بڵاوبووتەوە و مەترسی فراوانبوونی زیاتری شەڕەکە هەیە. پێویستە هەموو لایەنەکان کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکەن".

حەیدەر لامی ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە هۆشیاربین بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق و ناوچەکە رەنگنەداتەوە، چونکە ئێستا ئەمەریکا ناوچە جیاجاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆردوومان دەکات".

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی بە پێویستیشی دەزانێت نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە کار بکات بۆ هێورکردنەوەی ئەو "دۆخە ئاڵۆزەی" ئێستا لە رۆهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە کایەوە و رێگریش بکات لە تەشەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان.

لەبارەی وەڵامە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمەریکا بۆ ئەو هێرشەی کرایە سەر بنکە سەربازییەکەی لە ئوردن، لامی گوتی، "پێویستە ئەمەریکا لەم بارودۆخەدا بە عاقلانە مامەڵە بکات. نابێت هێرشێک لە ئوردن کرابێت، ئەمەریکا بێت بۆردوومانی خاکی بکات، وەکو ئەوەی لە چەند جاری رابردوودا کردوویەتی".

وەکو ئەوەی سەرکردەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی کرد، "ئەمەریکا بە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دۆخی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاڵۆزتر کرد. دەتوانین بڵێین، ئەمەریکا هۆکاری سەرەکی ئەو هێرشانەیە کە لە ناوچەکە دەکرێنە سەر هێزەکانی".

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی گوتیشی، "ئەمەریکا دەڵێت، هێزەکانمان بۆ راوێژکاری سەربازی لەنێو خاکی عێراق و سووریادان بۆ ئەوەی رووبەڕووی داعش ببنەوە و هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بکەن، کەچی لە ڕاستیدا وانییە؛ ئەوان هێرش دەکەنە سەر عێراقییەکان".