کرمانج محەممەد: سەنتەرێکی تایبەت بە چاندنی مۆخ بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەولێر دەکرێتەوە

کرمانج محەممەد، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی نانەکەلی
کرمانج محەممەد، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی نانەکەلی

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەڵێت: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە ملیارێک و 600 ملیۆن دیناری بۆ چارەسەری شێرپەنجە تەرخانکردووە.

کرمانج محەممەد، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی نانەکەلی بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژانە زۆرێک لەو کۆمپانیا و رێکخراوانەی کە خەریکی کاری خێرخوازی و بەخشینن پێداویستییە پزیشکییەکان و دەرمان بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی دابین دەکەن، ئەگەرچی ئەرکە قورسەکە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و سندوقی کۆمەك بۆ تووشبووانی شێرپەنجەیە، هەروەها خۆشبەخاتنە دوای چەندین گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ رێکخراوی مانگی سووری قەتەری ئەمڕۆ بڕیاریاندا وەک قۆناغی یەکەم بڕێکی باش لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی پیشکەشی نەخۆشخانەی نانەکەلی بکەن.

بەڕێوەبەری کارگێری نەخۆشخانەی نانەکەلی، راشیگەیاند، رێکخراوی مانگی سووری قەتەری بەڵینی ئەوەیانداوە پێشکەشکردنی ئەم هاوکارییە تەنیا بۆ ئەم جارە نەبێت بەڵکو بەردەوام بێت. جەختیشی لەوە کردەوە، نەخۆشانی شێرپەنجە جیاوازتر لە نەخۆشانی دیکە زیاتر پێویستیان بە چارەسەری دەرمانە.

کرمانج محەممەد، باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە زۆرترین دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دابین دەکات، دوای ئەویش حکومەتی عێراق هەندێک لە پێداویستی چارەسەر پۆ نەخۆشخانەکە دەنێرێت، هەروەها دەزگای خێرخوازی بارزانی، دەزگای خێرخوازی نانەکەلی و رێکخراوی مانگی سووری قەتەری زۆرترین جار هاوکاری پزیشکی پێشکەش بە نەخۆشخانەی نانەکەلی دەکەن.

بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی نانەکەلی، دەڵیت: لە دوای دەستبەکاربوونی کابیەنەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی مانگانە بڕی ملیارێک و 600 ملیۆن دیناری تەخانکردووە بۆ هەر سێ پارێزگایەکەی هەرێم، هەروەها حکومەتی عێراقیش مانگانە بڕێک دەرمان دەنێرێت و وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش بڕێک دەرمان دابین دەکات.

گوتیشی: تەنیا لە ساڵی رابردوودا بە بڕی دوو ملیار دینار تووشبووانی شێرپەنجە نێدرانە دەرەوەی وڵات بۆ مەبەستی نەشتەرگەری چاندنی مۆخ، هەروەها ئەمساڵیش بڕی چوار ملیار دینار ئامادەکراوە بۆ ناردنەدەرەوەی نەخۆشەکان.

کرمانج محەممەد، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، نزیکەی 14 سەنتەری تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، لە ساڵی 2023، هەزار و 811 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلییان کردووە.

بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی نانەکەلی، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، هەموو سنەتەرەکانی چارەسەری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بە ستاندارتی نێودەوڵەتی کار دەکەن و هیچ کەموکوڕییەکیان نییە، هەروەها لە ئێستادا سندوقی تووشبووانی شێرپەنجە سەرقاڵی ئەوەن سەنتەری چاندنی مۆخ لە هەولێر بکەنەوە.