هه‌ولێر.. دووەم رۆژی سێییەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ بەڕێوەچوو

K24 – هەولێر:

فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مڕۆ كاره‌كانی دووەم رۆژی سێییەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ بەڕێوەچوو، تێیدا ئاماژه‌ به‌ تێڕوانینه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران كرا، كه‌ ده‌خوازن ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەهێزتر بن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ (دووشەممە 29ـی كانوونی دووه‌می 2024)، بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگە و تەواوی نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە، دووەم رۆژی سێییەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لە وته‌یه‌كدا کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی و ئەو ئاستەنگ و لەمپەرانەی دێنە رێگەی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی خسته‌ڕوو.

سەفین دزەیی ئاماژەی بە تێڕوانینی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی و خودی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد، دەخوازن ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەهێزتر بکەن و نوێنەرایەتی تازەش لە هەندێ وڵات بکەنەوە.

دزه‌یی دەستخۆشی لە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و ستافەکانیانی کرد، کە بە پێی توانای بەردەست ئەرکی خۆیان بەجێ گەیاندووەوەو هیوای خواست کاری باشتریش ئەنجام بدەن لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان.

دواتر هەر یەک لە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم باسیان لە کارو چالاکی خۆیان کردو سەرنج و پێشنیاری خۆیان خستەڕوو بە باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانیان لە دەرەوە.

لە پانێلی دووم عەبدولحەکیم خەسرەو، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ‎سەفین غەفوور راوێژکاری جێگری سەرۆکوەزیران پووختەیەکیان لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەت و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان لە چوارچێوەی پلان و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پێشکەش کرد.

تەواوی ئاسانکارییەکانی حکومەتیان خستەڕوو بۆ هاندانی کەرتی ئابووری و بازرگانی بۆ ئەوانەی لەناوەوەو دەرەوەی هەرێم دەیانەوێ کۆمپانیا تۆمار بکەن.

تیشک خرایە سەر سیستەمی بایۆمەتری و کەمکردنەوەی رۆتین و دەستەبەری کاروباری کۆمەڵایەتی رێکخستنەوەی سەندووقی داهات و سوودەکانی ئەنجوومەنی راژەو شەفافییەت لە کارەکاندا کە لە سوودو بەرژەوەندی گشتییە.

هەر لە چوارچێوەی دووەمین ڕۆژی کارەکانی کۆنفڕانس، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ بابەتێکی پێشکەش کرد کە پەیوەست بوو بارودۆخی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە.

کۆتا پانێلی دووەمین ڕۆژی کۆنفرانس پەیوەست بوو بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدراڵ (ئالەنگاری و چارەسەر) کە بۆ بەڕێزان ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووی و د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.

هه‌ردوولا بە ووردی باسیان لە کۆبوونەوەو ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغداو پێداگری حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکان کرد. هاوکات تیشکیان خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم جێبەجێ کردنی ڕێکەوتننامەکان کە بەداخەوە تەنها مووچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان تێیدا زەرەرمەند دەبن.

تێڕوانینی حکومەتی هەرێمیان لەمەڕ نەوت و بودجەو پرسەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا بۆ نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە خستەڕوو. (هه‌روه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی پێكراوه‌).

دوێنێ یەکــشــەممە، 28-01-2024، کاتــژمێر 10:00، بـە ئامادەبوونی مەسرور بـارزانی، سەرۆکی حکـومەتی هەرێمی کوردستان، لـە هـەولێری پایتەخـت، سێیەمین کـۆنفرانسـی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی به‌كاره‌كانی كرد.

65
67
6
678
67