پۆلیتیکۆ: جۆو بایدن لەسەر هێرشکردنە سەر بنکەکەیان لە ئوردن فەرمانێک دەردەکات

K24 - هەولێر

ماڵپەڕی هەواڵی "پۆلیتیکۆ" ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری کاربەدەستانی ئەمەریکی رایگەیاندووە، کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی بە راوێژکارەکانی کرد بژاردە بۆ وەڵام دانەوەی ئەو هێرشەی کە سەربازە ئەمەریکییەکانی لە بنکەیەکی سەربازی ئوردن کردە ئامانج بخەنەڕوو، کە بە هۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکا گیانیان لەدەستدا و 40 کەسیش برینداربوون.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە نێو بژاردەکانی بەردەم پێنتاگۆن، بە ئامانجگرتنی تاکەکانی ئێرانە لە سووریا یان عێراق، یان دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی هێزی دەریایی ئێرانە لە کەنداو.

پۆلیتیکۆ دەشڵێت: پێدەچێت وەڵامدانەوەی ئەمەریکا لەسەر بۆردومانکردنی بنکەی ئەلتەنف کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا روویدا، لە دوای رەزامەندی بایدن دەستپێبکات و لە شێوەی شەپۆلی هێرشکردندا دەبێت بۆ سەر کۆمەڵێک ئامانج.

ئاژانسی هەواڵی "ئێرنا"ـی ئێرانی بڵاویکردەوە، کە نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەتیکردەوە کە وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشەی سەر بنکە ئەمەریکییەکە هەبێت.

نوێنەرەکەی ئێران ئەوەی بە ململانێی نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و گرووپە چەکدارەکان وەسف کرد، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم گرووپانە "بە هێرشی تۆڵەسەندنەوە وەڵام دەدەنەوە".

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشێکی درۆنەوە بۆ سەر بنکەیەکی سەربازییان لە سەر سنووری ئوردن-سووریا سێ سەربازییان کوژراون، 40 سەربازی دیکەشیان برینداربوون، کە هەشتیان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی دەرەوەی ئوردن کراون.