قائیمقامی زاخۆ: چەندین شوێنی بازرگانیمان بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییەکان سزا داوە

موشیر بەشیر، قائیمقامی ناوەندیی زاخۆ
موشیر بەشیر، قائیمقامی ناوەندیی زاخۆ

K24 - هەولێر

لە زاخۆ بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییەکانی لیژنەکانی چاودێری؛ سەموونخایەک، چەند دەرمانخانە و ژمارەیەک دوکان و شوێنی بازرگانی سزا دران.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30-01-2024، موشیر بەشیر، قائیمقامی ناوەندیی زاخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرجەم ئەو شوێنانە بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییەکانی لیژنەکانی چاودێری سزادراون و پێشتریش ئاگادارکرابوونەوە.

موشیر بەشیر ئاماژەی بەوەش کرد، "ژمارە و شێوازی کارکردنی ئەو لیژنانەی چاودێریی بازاڕ دەکەن گۆڕیومانە؛ پێشتر 13 لیژنە بوون، ئێستا کردوومانن بە حەوت لیژنە. هەمان کەسن، بەڵام شێوازی کارکردنیان گۆڕاوە. بۆ کۆتایی ئەمساڵیش لەوانەیە ئەو حەوت لیژنەیەش بکەینە سێ لیژنە".

بە گوتەی قائیمقامی ناوەندیی زاخۆ، ئەو لیژنانە بەیانیان و ئێواران و، بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێریی و کۆنتڕۆڵی بەهای کاڵا و شتومەکەکان دەکەن. هاوکات گوتی، "بەبێ جیاوازی، هەموو ئەو شوێنە بازرگانییانەی سەرپێچییان کردووە، سزا دراون".