گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی: خۆراكی ماوه‌به‌سه‌رچوو به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت
K24 - هەولێر
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق دەڵێت، خۆراكی ماوه‌به‌سه‌رچوو به‌سه‌ر ئاواره‌كانی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دابه‌ش ده‌كرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30-01-2024، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق لەباره‌ی ڕەوشی ئاوارەکان له هه‌رێمی كوردستان به كوردستان 24ی راگه‌یاند، تا ئێستا خێوه‌تی ئاواره‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كۆچی عێراق نه‌گۆڕدراوه و له هه‌مانكاتدا خۆراكی ماوه‌به‌سه‌رچوو به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت.
بە گوتەی گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئه‌و نه‌وته‌ی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بەسەر ئاوارەکاندا دابه‌شكراوه، "رێژه‌یەکی زۆری كبریتی تێدایه، كه هۆكاری سه‌ره‌كی گڕگرتنی خێوه‌ته‌كانه".
بەپێی دوایین ئامارەکان، 926 هەزار و 18 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، لەو ژمارەیە 664 هەزار و 237 کەسییان ئاوارەن و 261 هەزار و 781 کەسییان پەنابەرن، ساڵانەش بۆ خەرجی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 866 ملیۆن دۆلارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆی گشتیی خەرجییەکان لە ئەستۆ گرتووە.
ژمارەی کوردانی ئێزدی لە عێراقدا پێش شەڕی داعش لە 3ـی ئابی 2014دا 550 هەزار کەس بووە. ئێستا 135 هەزار و 860 کەسیان لەنێو کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و زیاتر لە 120 هەزار کەسیان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە.