دەم پارتی بووەتە چەقی ململانێی نێوان ئاکپارتی و جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا

لۆگۆی جەهەپە، دەم پارتی و ئاکپارتی - گرافیک: کوردستان24
لۆگۆی جەهەپە، دەم پارتی و ئاکپارتی - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

ئەردۆغان بەرنامەی هەڵبژاردنی ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند و سەرۆکی جەهەپەش لایەنەکانی دەسەڵات تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی دەم پارتی وەک رێگەیەک بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردن.

رۆژی (30ـی کانوونی دووەمی 2024) لە رێورەسمێکی تایبەتدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بەیاننامەی پارتەکەی لەژێر ناوی "شارەوانیی راستەقینە" راگەیاند کە لە هەشت تەوەر و 200 لاپەڕە پێکهاتووە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "ئامانجمان رزگارکردنی ئەو هاووڵاتییانەی ئەو شارەوانییانەیە کە لەدەستی ئۆپۆزیسیۆن دان و لە خزمەتکردن بێبەشن. ئەو شارەوانییانەی کە پێنج ساڵ بەر لە ئێستا بۆ ئۆپۆزیسیۆن بەجێمان هێشتن، هیچ سوودێکیان بۆ خەڵک نەبووە و پێنج ساڵیان بەهەدەرچووە. باسی ئەوە دەکەن کە رێگرییا لێکراوە بەڵام ئەمەیان وانییە و قسەی بێبنەمان و لە بەرپرسیارییەتی رادەکەن".

لەلایەن خۆیەوە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئاکپارتی و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت لەرێگەی ناوهێنانی دەم پارتییەوە رۆژەڤی سەرەکی بشارنەوە و جەهەپەش وەک پارتێکی سیاسی پەیوەندیی لەگەڵ دەم پارتی هەیە و هیچ شتێکی شاراوەیان نییە.

ئۆزگور ئۆزەل  ئاماژەی بەوەکرد: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەوڵەت باخچەلی، دوێنێش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سبەیش یەکێکی دیکە تەنیا یەک وشە لەدەمیان دێتە دەرەوە و سێ پیتە، ئەویش دەمە. دەیانەوێت لەڕێگەی ناوهێنانی دەم پارتی هەڵبژاردن ببەنەوە، هەڵئاوسان پەردەپۆش بکەن و برسێتی و هەژاری بشارنەوە. هەوڵی لەیادخستنی رۆژەڤ دەدەن".

سەرۆکی جەهەپە روونیکردەوە، "لەگەڵ هەر پارتێکی سیاسی چ جۆرە پەیوەندییەکمان هەبێ، لەگەڵ دەم پارتیش هەمان شتە. بەشێوەیەکی روون و راشکاوانە لەبەردەم چاوەکان لەگەڵ دەم پارتی کۆدەبینەوە، سەردانمان کردن و چایەکی دێمیمان خواردەوە و ئەوانیش هاتن بەهەمان شێوە، ئەوان لە پشتی کامێراکان لەگەڵ دەم پارتی دادەنیشن و قسە دەکەن و برادەری یەکترن بەڵام لەبەردەم کامێراکان دەست بە ساختەکاری دەکەن".

هاوکات ویستی کاندیدبوونی باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی بەندکراوی هەدەپە لە ئیستانبوڵ لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ناوەندی دەم پارتی هەڵدەسەنگێندرێت و لەلایەن بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو پارتەوە پێشوازی لێدەکرێت.

لەوبارەیەوە، سێزایی تەمەللی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، ویستەکەی دەمیرتاش مایەی دڵخۆشییە و ئەوان دەیانەوێت هەموو کەسێک ببێتە پێش و خۆی کاندید بکات و کۆتا بڕیاریش لەلایەن کۆمیسیۆنەکان و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ناوەندی پارتەکەیان دەدرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا دەم پارتی هەڵویستی خۆی بۆ پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا و بەتایبەتی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان یەکلایی نەکردووەتەوە و رۆژی رابردووش 96 کاندیدی لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان راگەیاندبوو.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش کە وابڕیارە 31ـی ئاداری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، زمانی زبر لە تورکیا بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن نەریتێکی باوە و تەنانەت دەگاتە ئەو ئاستەی کە یەکتر بە تیرۆر و خیانەت تۆمەتبار دەکەن بەڵام لە پرسە نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت کولتووری یەکگرتنیان هەیە.

دوو مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، هاوپەیمانیەتی کۆمار کە لەلایەن ئاکپارتییەوە سەرکردایەتی دەکرێت، پارتی گەلی کۆماری جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە، بە نزیکبوونەوە لە قەندیل و تیرۆر و دەم پارتی پێناسە دەکات، لەبەرامبەردا جەهەپە دەڵێت، دەسەڵات تا لوتی لە گەندەڵی تێوەگڵاوە و سیستەمی تاکڕەوی بووەتە هۆی بەلاوەچوونی ئازادییەکان. سەرەڕای هەموو ئەم تۆمەت بەخشینانە، ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی تورکیا یەک دەگرنەوە.

بۆ نموونە کۆتا دەنگدان لە پەرلەمانی تورکیا، پرۆژەیاسای ئەندامیەتی سوید بوو لە ناتۆ، سەرەڕای گرژییەکان و ناکۆکی نێوانیان، ئاکپارتی  و هاوپەیمانەکەی مەهەپە لەگەڵ جەهەپەی ئۆپۆزیسیۆن دەنگی بەڵێیاندا. خاڵێکی دیکە رووبەرووبوونەوەی پەکەکە و گولەنییەکانە، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ ئەوەی یەکتر بە تیرۆر تۆمەتبار دەکەن بەڵام لەو پرسە یەک دەگرن و هەڵوێستی هاوبەشیان هەیە.

ناردنی سەرباز بۆ دەرەوەی سنووریش بابەتێکە کە هەموو پارتەکان یەک دەخاتەوە. لە کۆتا پێشنیازی مانەوەی سوپا لە دەرەوەی وڵات هەمان حاڵەت روویدا، تەنیا جەهەپە نەبێت کە ئەویش بەهۆی ماددەیەک دەنگی نەدا و رەتیکردەوە دژی مانەوەی سەربازان بێت لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا.