لە ئەمه‌ریكا میدیا و بۆچوونی هاووڵاتییان كاریگەرییان لەسەر ئاراستەكردنی كۆشكی سپی هەیە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر: 

لە ئەمه‌ریكا میدیا و بۆچوونی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە، كاریگەرییان لەسەر سیاسەتی وڵاتەكەیان و ئاراستەكردنی كۆشكی سپی هەیە. لە سێ مانگی رابردوو میلیشیاكانی سەربە ئێران زیاتر لە 170 هێرشیانكردوەتەسەر هێزەكانی ئەمه‌ریكا لە سووریا و عێراق. میدیا و خەڵكی ئەمه‌ریكا زۆر گرنگیان پێنەدەدا، تا ئەوكاتەی هێرشەكان بوونە هۆی كوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی نزیكەی 50ـی دیكە.

ئەندامێكی باڵای پەیمانگەی نیوڵاینز و ژەنه‌ڕاڵ و شارەزایەكی سەربازی ئەمه‌ریكی قسەیان بۆ كوردستان24 كردووە و دەڵێن، بەهۆی گرنگی پێدانی میدیا و هاووڵاتییان، سەرۆكی ئەمه‌ریكا ناچاربووە بە كردەیی وەڵامی هێرشه‌كان بداتەوە.

مایڵز كاگینز ئەندامی باڵای پەیمانگەی نێوڵاینز له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، "چیرۆكی سەربازەكانی ئێمە لێرە لە هەرێمی كوردستان، عێراق و سووریا لە رووبەرووبوونەوەی داعش وەك پێویست نەگەیشتووەتە خەڵكی ئەمه‌ریكا. بەڵام دوای ئەوەی سێ سەربازمان لەلایەن ئێرانیەكانەوە كوژران، خەڵكی هەموو چاویان بەسەر میدیاكانە. ئێستا چاوەڕێن بزانین ئیدارەی سەرۆك بایدن و پێنتاگۆن وەڵامیان چی دەبێت؟ ئەگەر وەڵامەكەیان بەهێز و كاریگەر بێت، خەڵك و میدیای ئەمه‌ریكی زیاتر گرنگی پێدەدەن.

گوتیشی: "ئەوەی ئێستا زۆر گرنگی پێدەدەن هەڵبژاردنەكانی 5ی تشرینی دووەمی سەرۆكایەتیە. سەرۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپ و سەرۆك بایدنیش زۆر قسە سەر دۆخی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەكەن".

ژه‌نه‌ڕاڵ ئێرنی ئۆدینۆ شارەزای سه‌ربازی رایده‌گه‌یه‌نێت، "بەداخەوە دەیان ساڵ لە گفتوگۆ لەگەڵ تاران نەبووەتە هۆی كەمكردنەوەی هەڵسوكەوت و كارە تێكدەرانەكانی لە رۆژهەاَتی ناوەراست. ئێستا دوای ئەو هەموو هێرشە و كوژرانی سەربازی ئەمریكی ئیتر كاتی ئەوەیە بە ئێران بڵێن ئیتر بەسە. بژاردەی یەكەم سەركەوتوو نەبوو و كاتی بژاردەی دووەمە ئەویش بەكارهێنانی هێز و زۆر بە توندیش وەڵام بدەینەوە."

كاردانەوەی كوژرانی سی سەربازی ئەمریكی لە میدیا و رای گشتی ئەو وڵاتە سەرۆكی ئەمریكای ناچار كردووە بەشێوەیەكی كردەیی و بەبەكارهێنانی هێز وەڵامبداتەوە.