کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو راگەیەندرا
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-01-2024، بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن؛ لە راگەیەندراوێکدا کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە، "کەش، ئاسمان بە گشتى نیمچە هەور دەبێت، ئەگەرى نمە باران لە هەندێ ناوچەى شاخاویی هەیە، لە لووتکەی شاخا بەرزەکان دابارین بەشێوەى نمە باران و بەفر بە تێکەڵى دەبێت. لە سەنتەرى پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانى و دهۆک و هەڵەبجە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت. لەبەشى ڕۆژهەڵاتى پارێزگاى دهۆک باران بارین دەبێت و بەفریش لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکان دەبارێت" .
لەبارەی کەشی سبەی پێنجشەممەش، ئاماژە بەوە دراوە، "ئاسمان لە کاتەکانی بەیانى تا دوایی نیوەرۆ لە زۆربەى کاتەکان نیمچە هەور دەبێت. لە شەودا شەپۆلێکى باران و بەفر بارین درێژ دەبێتەوە بۆ سەر بەشەکانى ڕۆژهەڵاتى هەرێمی کوردستان، کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە باشوورى پارێزگاى سلێمانى دەست پێدەکات تاوەکو ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانى ڕۆژهەڵاتى پارێزگاى هەولێر. باران بارین لە ئێوارەدا لە گەرمیان و بەشێک لە پارێزگاى کەرکووک تا باکوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى راپەڕین بەشێوەى نمە باران و هەندێ کات تاوە بارانى مامناوەند دەبێت" .
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "لە ئەنجامى کاریگەرى بارستە هەوایەکى سارد لەسەر تەواوى زنجیرە چیا سنووریەکان و لووتکە و قەدپاڵى چیا بەرزەکان بەفر دەبارێت".
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر: 15 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 14 پلەى سیلیزى
دهۆک: 15 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 16 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 14 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 15 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 21 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 2پلەى سیلیزى
سۆران: 9 پلەى سیلیزى