ئەعیاد تۆفان: ئوردن ئامانجی ئێرانە

K24 – هەولێر

پسپۆڕێکی ئەمنی رایگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی ئوردن ئامانجی ئێرانەو دەیەوێت ئوردن لەناو ببات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەعیاد تۆفان، پسپۆڕی ئەمنی، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، من پێموایە لەسەرەتاوە ئەو هێرشە سوپای ئەمەریکای نەکردووەتە ئامانج بەڵکو بۆ سوپای ئوردن بووە، بەڵام ئەم میلیشیانە کاتێک ئەم ناوچانە دەکەنە ئامانج و بووەتە هۆی کوژرانی چەند سەربازێکی ئەمەریکا، ئەگەر ئەو فڕۆکە بوویستایە ئەمەریکا بکاتە ئامانج بنکەیەکی دیکە هەیە لەوێ بە ناوی تەنەف کە بەرپرسیارە لە گواستنەوەی لۆجیستی و هاوکاری هەموو بنکەکانی دیکەی سووریا دەکات.

بەگوتەی ئەو پسپۆڕە: "بەشێوەیەکی گشتی ئوردن بە ئامانج کراوە، بەهۆکاری ماددەی هۆشبەرەوە و چەکەوەش هاوکاتیش ئوردن ئامانجی ئێرانەو دەیەوێت لەناوی ببات، بۆیە ئەو رووداوانەی کە روودەدات چەندین ئامانج لە خۆدەگرێت، کاتێک ئەم رووداوانەی لە غەززە روویاندا، چونکە رۆشتن بۆ ئوردن و لەوێشەوە چوون بۆ سووریا، رێگایەکی کراوەش هەیە لەوێ دەتوانن لە دیمەشقەوە بۆ قونەیتەرە لەوێشەوە بچنە ناو لوبنان.

ئەعیاد تۆفان راشیگەیاند، باشە بۆچی هاتوونەتە ئوردن و لەوێ شەڕ هەڵدەگیرسێنن؟ چونکە ئێستا ئوردن بە ئامانجکراوە، دەیانەوێت ئەو شەڕە ببنە ئوردن و ئوردن بە ئامانج بگرن، هێرشی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەش یەکێکە لەو پیلانە ئامادەکراوانە، کاتێک فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند تاوەری 22 کراوەتە ئامانج پێنج کیلۆمەتر لە سنووری ئوردن نزیکە، بۆیە ئەو بنکەی کە کراوەتە ئامانج تەنیا چەند سەربازێکی تێدایە بۆ حەوانەوە دێنە ئەو تاوەرە و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ ئەرکەکەیان لە بنکەی تەنەف، هەروەک دەزانرێت تەنەف بنکەیەکی گەورەیە و چەندان فڕۆکەی گەورەی تێدایە، هەموو هاوکارییە لۆجستییەکان لەو بنکەیە، نەک تاوەری 22ـی ئەمەریکا.