لە کابینەی نۆیەم حەوت بەڕێوەبەرایەتی لە سنووری راپەڕین کراونەتەوە

kurdistan24.net

K24 – رانیە:

لەپێناو نەھێشتنی رۆتین و کارئاسانی تەواو بۆ ھاووڵاتییان، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023ـدا حەوت بەرێوبەرایەتی گشتی لە ئیدارەی راپەڕین کردووەتەوە، ئەوەش لەکاتێکدا دەڤەری  راپەڕین ساڵی 2012 کراوەتە ئیدارەی سەربەخۆ و تا دەستبەکاربوونی کابینەی نۆ تەنھا تەندروستی بەڕێوبەرایەتی گشتی بووە و زۆرینەی جار ھاووڵاتییان بۆ ئیش و کاری کەرتی گشتی ناچار دەبوون خەرجی زۆر و کاتی زۆر لە چوون بۆ سلێمانی خەرج بکەن.

وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەڕێوبەرێتی گشتی کشتوکاڵ و سێ فەرمانگەی تری خزمەتگوزاری سەر بە وەزارەتەکەی لە رانیە کردەوە، کە بریتین لە بەرێوبەڕایەتی سەرچاوەکانی ئاو، ڤێتێرنەری و دارستان و پاوان، لەو رێگەیەوە رۆژانە رۆتین و رێگای دووری دەیان ھاووڵاتی سنوورەکە بەرەو سلێمانی کەم دەبێتەوە، هاوکات ھاووڵاتییان بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزاریەکان دەگات.

دەڤەری راپەڕین ساڵی 2012 وەک ئیدارەیەکی سەربەخۆ ناسێندرا، سێ قەزا و نۆ شارەدێ لەخۆ دەگرێ و رانیە سەنتەری ئیدارەی راپەڕینە، نەبوونی بەرێوبەرایەتییە گشتییەکان ھاووڵاتییان و بازرگانانی ناچار دەکرد بۆ زۆرینەی مامەڵەکان روو لە سلێمانی بکەن.