سەرسام شوانی: سیاسەتی عێراق لەژێر کاریگەری وڵاتانی هەرێمییە

سەرسام شوانی، پسپۆڕی نێودەوڵەتی
سەرسام شوانی، پسپۆڕی نێودەوڵەتی

K24 – هەولێر:

کوردستان پارێزبەندی دەستووری ھەیە و ھەرێمێکی دانپێدانراوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک ھەرێمێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ئەمە لە کاتێکدایە کەم نین ئەو ھەڕەشانەی کە بۆ سەر کوردستان ھەیە لە ناوچەکە. پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و دەستووریش جەخت لەوە دەکەنەوە ئەو ھەڕەشانەی لە بەغداوە دەکرێت تەنھا شەڕێکی دەروونی و ئابوورییە و توانای دەستکاریکردن و گۆڕانکارییان نییە لە دەستووردا.

سەرسام شوانی، پسپۆڕی نێودەوڵەتی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئیرادەیەک هەیە لە بەغدا دەیەوێت ئەو بابەتەی کە فیدراڵییە و پەیوەندی بە دەسەڵاتی فیدراڵی هەیە نەیهێڵێت، ئەمەش کاریگەرییەکی ترسناکی لەسەر سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی عێراق هەیە.

ئەو پسپۆڕە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوەدا، عێراق دەیەوێت هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵیش مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، ئەمەش کاریگەرییەکی ترسناکی هەیە، چونکە سیاسەتی دەرەوەی عێراق لە سەردەمی ئێستادا لەژێر کاریگەری بە تەنیا عێراقدا نییە، بەڵکو لەژێر کاریگەری وڵاتانی هەرێمییە.

لەلایەن خۆیەوە سۆران عەلی، پسپۆڕی دەستووری بە کوردستان24ـی گوت: جۆرێک لە رێکخستن بۆ گرێنتیکردنی لە دەستکەوتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا تۆمارکراوە، لە یەکێکیان ئەوەیە کە پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی سێ پارێزگا دەبێت لە هەرێمی کوردستاندا، ئەو کاتە لە رێی تاک بە تاکی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە هەر گۆڕانکارییەک لە دەستوور مەترسی بێت بۆ دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت لە دەنگەکانیان نەخێری بۆ بکەن، ئەو کاتە نەخێری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە دەبێتە رێگر بۆ گۆڕانکاری لە دەستووردا.

ھەرێمی کوردستان  تاکە ھەرێمی دانپێدانراوی دەستوورییە لە عێراق کە خاوەن حکومەت و پەرلەمانە و دەستووری عێراق دانی پێدانراوە، ھەر ھەوڵێکیش بۆ هەموارکردنی  پێویستی بە دەنگی سێ پارێزگای ھەرێمی کوردستان دەبێت یاخود رەزامەندی پەرلەمانی کوردستان.