سه‌رباری پشووی فه‌رمی، دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی یه‌ك ده‌ستیپێكرد

دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد
دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد

K24 – هەولێر:

دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک لە هەرێمی کوردستان سه‌رباری پشووی فه‌رمی دەستیپێکرد، بانكه‌كانیش به‌ رووی مووچه‌خۆرانه‌وه‌ كراوه‌ن.

پرۆسەکە لە کاتژمێر هەشتی ئه‌مڕۆ بەیانیی(هه‌ینی 2ـی شوباتی 2024)ـەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە لە حەوت رۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان دابەشبکرێت.

لەمبارەیەوە کاروان جەلال بەڕێوەبەری بانکی زاگرۆس لە هەولێر بەکوردستان24ـی راگه‌یاند، دابەشکردنی مووچە بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و تا یەک مووچەخۆر مابێت، دەرگای بانک داناخەن و بەردەوام دەبن لە دابشکردنی مووچە.

دوێنێ پێنجشەممە، 01-02-2024 وەزارەتی دارایی و ئابووریی  لیستی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی خشتەکە، لە هەفتەیەکدا مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەش دەکرێت.

هاوکات پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە ماوەی هەفتەیەکدا هەموو فەرمانگە و وەزارەتەکان مووچە وەردەگرن.

بە گوێرەی ئەو خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاویکردووەتەوە، ئه‌مڕۆ هەینی، 02-02-2024، بە وەزارەتی تەندروستی، دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، لیواكان، یه‌كه‌ی 70 و 80 و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک (کانوونی دووەم) دەستیپێكرد، دابەشکردنی مووچەکە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 08-02-2024، بەردەوام دەبێت.

خشته‌ی مووچه‌ی مانگی كانوونی دووه‌م 2024
خشته‌ی مووچه‌ی مانگی كانوونی دووه‌م 2024