سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا دەستی لەکارکێشایەوە

‌حەفیزە گایا ئەرکان، سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا
‌حەفیزە گایا ئەرکان، سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا

K24 – هەولێر:

‌حەفیزە گایا ئەرکان، سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا دەستی لەکارکێشایەوە کە یەکەم ژنە لە مێژووی ئەو وڵاتە ئەو پۆستەی وەرگرتبێت، دوای ئەوەی چەند تۆمەتێکی بەهۆکاری ناپیشەیی بوون لە ئەرکەکەی ئاراستە کرا.

رۆژی هەینی (2ـی شوباتی 2024) ‌حەفیزە گایا ئەرکان سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند و هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون بە لێدان لە کەسایەتی خۆی وەسفکردووە.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا لەبارەی بڕیاری وازهێنانی بانکی ناوەندیی تورکیا لە کارەکەی رایگەیاند، ئەوە بڕیارێکی شەخسییە بەبێ ئەوەی باس لە جێگرەوەی ‌حەفیزە گایا ئەرکان بکات.

دەستلەکارکێشانەوەی ‌حەفیزە گایا ئەرکان دوای زنجیرەیەک هێرشی کارمەندانی پێشوو و ئێستای بانکی ناوەندیی تورکیا هات کە تۆمەتباریان کردبوو بەوەی رێگەیداوە بە باوکی بەشداری بکات لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی و رێگریشی نەکردووە لە خەرجی ناپێویست و خەرجی زیادەشی لە بودجەی بانکەکەدا کردووە.

ئەرکان پێنجەمین سەرۆکی بانکەکە بوو لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، لەو ماوەیەدا گۆڕانێکی گەورە لە سیاسەتە ئابوورییەکانی تورکیا هاتە ئاراوە و بە سیاسەتە توندەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی هەڵاوسان ناسرابوو، هەرچەندە هەڵاوسانی ساڵانەی تورکیا لە مانگی ئۆکتۆبەری 2022ـدا بەرزترین ئاستی لە ماوەی 24 ساڵدا تۆمارکرد کە گەیشتە 85.5% و دواتر بۆ 60% دابەزی.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە 9ی حوزەیرانی 2023، حەفیزە گایا ئەرکانی وەک سەرۆکی بانکی ناوەندیی دەستنیشانکرد، ئەمەش یەکەمجار بوو لە مێژووی کۆماری تورکیادا، ژنێک ئەو پۆستەی پێبدرێت.

حەفیزە گەیا ئەرکان لە ساڵی 1982 لە دایکبووە، بەشی ئەندازیاری پیشەسازی لە زانکۆی بۆغازیچی تەواو کردووە، هەروەها بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازیاری دارایی و بیرکاری کارپێکراو لە زانکۆی پرینستۆن وەرگرتووە، بووە بە یەکەم خوێندکار لە مێژووی زانکۆی پرینستۆن کە لە ماوەی ساڵێکدا بڕوانامەی دکتۆرای تەواو بکات. بۆ ماوەی هەشت ساڵ وەک سەرۆکی وەبەرهێنانی کۆمپانیای فەرست کۆمار کاری کردووە. حەفیزە ئەرکان پلەی یەکەمی لە 40 چالاکترین گەنجی ئەمەریکا بەدەستهێناوە، لە زۆرێک لە دامەزراوە داراییەکان پۆستی باڵای بەڕێوەبردنی هەبووە.