هەدیل کوکی: ئەگەر ئەمەریکا لە سووریا بکشێتەوە، تورکیا هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتە

هەدیل کوکی، لێکۆڵەری ئەمەریکی
هەدیل کوکی، لێکۆڵەری ئەمەریکی

K24 – هەولێر:

لێکۆڵەرێکی ئەمەریکی، ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریکا هەڵەدەکات ئەگەر لە سووریا بکشێتەوە، چونکە تورکیا هێرش دەکاتە سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و ناوچەی دەسەڵاتی ئێران فراوانتر دەبێت و هەروەها چالاکییەکانی داعش ئێستاش بەردەوامن.

هەدیل کوکی، لێکۆڵەری ئەمەریکی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم شەڕەی کە لە غەززە هەیە نەک تەنیا کاریگەری لەسەر سووریا هەبووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، لە سووریادا رژێمی ئەسەد نەیتوانیوە کۆنترۆلی تەواوی سووریا بکات و هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا زۆر خراپە بۆیە دەبینین هەموو شت لەو وڵاتە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.

ئەو لێکۆڵەرە ئەمەریکییە دەڵێت: ئەمەریکا دەزانێت رەوشی سووریا ئاڵۆزە بەهۆی ئەوەی کە بەشار ئەسەد و رژێمێکەی لەژێر کۆنترۆڵی ئێرانن، بەڵام بە بۆردومانکردنی هەندێک پێگەی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا کێشەکان چارەسەر نابن، بەڵکو چارەسەرییەکە پێویستی بە رێککەوتنێکی ستراتیژی هەیە.

هەدیل کوکی، باسی لەوەشکرد، لە ماوەکانی رابردوودا وڵاتە عەرەبییەکان لەگەڵ ئەوەدابوون رژێمی ئەسەد بگۆڕدرێت و نەمێنێت، بەڵام لە ئێستدا رایان گۆڕاوە دەیانەوێت بمێنێتەوە، چونکە دەزانن هەوڵەکانیان بێ سوودبوو.

ئەو لێکۆڵەرە ئەمەریکییە، دەشڵێت: ئەمریکا هەڵەدەکات ئەگەر لە سووریا بکشێتەوە، چونکە تورکیا هێرش دەکاتە سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و ناوچەی دەسەڵاتی ئێران فراوانتر دەبێت و هەروەها چالاکییەکانی داعش ئێستاش بەردەوامن.

هەدیل کوکی، ئاماژەی بەوەشدا، هەڵوێستی ئیدارەی بایدن لەبارەی سووریا و هەروەها وەڵامدانەوە بۆ کوژرانی سەربازانی ئەمەریکا زۆر ئاڵۆزە، چونکە نایەوێت ئەمەریکا لاواز دەربکەوێت و دەیەوێت وەڵامی بۆ کوژرانی سەربازەکان هەبێت، بەڵام نایاوێت گرژییەکی گەورە روو لە ناوچەکە بکات.

ئەو لێکۆڵەرە ئەمەریکییە، روونیکردەوە، بایدن دەزانێت ئێران و میلیشیاکانی ئامادەن ژمارەیەکی زیاتر لە سەربازان بکوژن و گرژییەکان زیادبکەن و هاوپەیمانانی ئەمەریکا بە ئامانج بگرن، هەر وەک ئەوەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە هەولێر روویدا.

هەدیل کوکی، گوتی: سەرۆکی ئەمەریکا دەزانێت کەسانێک هەن فشاری لێدەکەن تا لە سووریا بکشێتەوە، بەڵام بەهۆی دەرئەنجامی ئەو کشانەوەیە بڕوا ناکەم ئەمە پێش هەڵبژاردنەکان رووبدات.

ناوبراو گوتیشی: ئەگەر میلیشیاکانی ئێران فشارێکی زۆر بخەنە سەر ئەمەریکا، کە بەهۆیەوە ژمارەی قوربانییانی سەربازانی ئەمریکا زیاد دەکات و ئەو کات لە سووریا دەکشێتەوە، ئەمەش هەڵەیە چوونکە ئێستاش چالاکییەکانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق بەدی دەکرێن.