ئەردۆغان پارێزگارێکی نوێی بۆ بانکی ناوەندی دیاریکرد

K24 - هەولێر

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، شارەزایەکی ئابووری لە جێگای سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا دەست بەکار دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە، 3-2-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، فاتح کارهان، شارەزای ئابووری کە پێشووتر لە کۆمپانیای ئەمازۆن بووە، لە جێگای حەفیزە گایا ئەرکان، پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا دەست بەکاردەبێت. کە بەهۆی هەڵمەتێکی راگەیاندنەکانەوە دەستی لەکارکێشایەوە.

حەفیزە، دوای وەرگرتنی پۆستەکەی کە ماوەی کەمتر لە ساڵێکە دەستی لەکارکێشایەوە و لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دەست لەکارکێشانەوەکەی لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا رادەگەیەنێت و دەڵێت: "داوام لە سەرۆک کرد واز لە ئەرکەکەم دەهێنم، کە بە شانازییەوە لە رۆژی یەکەمەوە ئەو پۆستەم وەر گرتووە".

چاودێران دەڵێن حەفیزە سەرۆککۆماری تورکیای توڕە کردووە بە لێدوانێک کە مانگی رابردوو بۆ رۆژنامەیەکی تورکی داوە و تیایدا دەڵێت: ناچاربووە لەگەڵ دایک و باوکی و منداڵەکانی و هاوسەرەکەی بگەڕێتەوە و بمێنێتەوە بەهۆی هەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی موڵک لە تورکیا.

ئەو هەڵمەتەی دژ بە یەکەم ژنە پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا وەبەرهێنەرانی نیگەران کردووە، و سەرنجی خستووەتە سەر ئەردۆغان و حکومەتەکەی.

حەفیزە گوتی: "بەم دواییانە هەڵمەتێکیان رێکخست بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگم،" ئاماژەی بەوەشکرد، " هەنگاو دەنێت بۆ رزگارکردنی خێزانەکەی و منداڵە بێتاوانەکەی، کە زیاتر کاریگەری ئەم هەڵمەتەیان لەسەرە".

حەفیزە گەیا ئەرکان لە ساڵی 1982 لە دایکبووە، بەشی ئەندازیاری پیشەسازی لە زانکۆی بۆغازیچی تەواو کردووە، هەروەها بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازیاری دارایی و بیرکاری کارپێکراو لە زانکۆی پرینستۆن وەرگرتووە، بووە بە یەکەم خوێندکار لە مێژووی زانکۆی پرینستۆن کە لە ماوەی ساڵێکدا بڕوانامەی دکتۆرای تەواو بکات. بۆ ماوەی هەشت ساڵ وەک سەرۆکی وەبەرهێنانی کۆمپانیای فەرست کۆمار کاری کردووە. حەفیزە ئەرکان پلەی یەکەمی لە 40 چالاکترین گەنجی ئەمەریکا بەدەستهێناوە، لە زۆرێک لە دامەزراوە داراییەکان پۆستی باڵای بەڕێوەبردنی هەبووە.