20 رۆژنامەنووس لە مۆسکۆ دەستگیرکران

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ شەممە، پۆلیسی رووسیا لە میانی گردبوونەوەیەکدا کە لە "گۆڕەپانی سوور" لەلایەن هاوسەری ئەو سەربازانەی لە ئۆکرانیا شەڕ دەکەن بەرێوەچوو و داوای گەڕانەوەی مێردەکانیان دەکرد، لانیکەم 20 رۆژنامەنووسیان دەستگیرکرد.

 وێنەگرێکی ڤیدیۆیی ئاژانسی فرانس پرێس کە لەم خۆپیشاندانەدا دەستگیرکرابوو رایگەیاند، لە نێوان 20 بۆ 25 رۆژنامەنووس کە پەیامنێری بیانیشیان تێدابووە، لە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسدا برانە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس لە مۆسکۆ.

ماوەی چەند هەفتەیەکە، هاوسەرانی ئەو سەربازانەی کە بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیان، لە نزیک کرێملن گردبوونەوە دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

 میدیا فەرمییەکانی رووسیا چاوپۆشییان لە گردبوونەوەی ئەو ژنانە کرد، لە کاتێکدا کە کرێملین حەز دەکات بیروڕای گشتی لەسەر پوتن ئەرێنی بێت، پێش ئەوەی دووبارە هەڵبژێردرێتەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کە بڕیارە مانگی ئاداری داهاتوو ئەنجام بدرێت.

 پوتن پێشتر رایگەیاندبوو، لە کۆی 617 هەزار سەرباز، 244 هەزار سەربازی یەدەگ لە ئۆکرانیا شەڕ دەکەن.