لیرەی تورکی دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا

Kurd24

دوای کارکردنی بۆ ماوەی هەشت مانگ وەکو یەکەم سەرۆکی ئافرەت لە مێژووی بانکی ناوەندی تورکیا حافیزە گایا ئێرکان لە رێکەوتی 2ی شوباتی 2024 دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و داوای لێبوردنیشی کرد لەوەی کە ناتوانێ بەردەوامی بە ئەرکەکەی بدات. راستەوخۆ دوای پێشکەشکردنی داواکاری دەست لەکارکێشانەوەی، فاتیح قەرەهان وەکو شوێنگرەوەی حافیزە گایا دیاریکرا.

دەست لەکارکێشانەوەی حافیزە گایا دوای ئەم هەڵمەتە میدیاییانە هات کە دژی خۆی و خانەوادەکەیان سەبارەت بە کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بانکی ناوەندی لەلایەن باوکیەوە بۆ لادان و خستنە سەرکاری کارمەندەکانی بانکەکە بەکاریهێناوە. هەروەها بەکارهێنانی سەرچاوە مرۆییەکانی بانکەکە لەلایەن حافیزە گایە خۆی بۆ مەرامی تایبەت و ناچارکردنی کارمەندانی بانکەکە بۆ خزمەتکردنی بنەماڵەکەی، بەتایبەت منداڵە تازە لەدایکبووەکەی. هەروەها دەنگۆی لەکارلادان و دوورخستنەوەی ئەم کارمەندانەی کە داواکاریە تایبەتیەکانی خۆی و خانەوادەکەیان ڕەت دەکردەوە.

ئەوەیی وایکرد گومانەکان دژی حافیزە گایا و خانەوادەکەی زیاتر بن جێهێشتنی تورکیا بوو لەلایەن حافیزە گایا بۆ ماوەی مانگێک و مانەوەی لە ئەمەریکا. لە ماوەی مانەوەی لە ئەمەریکا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئامانجی حافیزە گایا لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا بۆ دەستکەوتنی کارێکی نوێیە. بۆیە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە پێویستە بە زووترین کات لە پۆستەکەی لابدرێت. بەڵام سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا هەموو ئەم تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دژی گایا بڵاودەکرانەوە. بەڵام پێشکەشکردنی داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی گایا راستەخۆ دوای گەڕانەوەیان لە سەردانەکەی ئەمەریکا گشت گومانەکانی رواندەوە و ەاستەوخۆش دوای دەستلەکارکێشانەوەیان لە پۆستەکەی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان واژووی لەسەر دیاریکردنی فاتیح قەرەهان وەکو شوێنگرەوەی حافیزە گایا بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندی کرد.  

داهاتووی ئابووری تورکیا و لیرەی تورکی دوای دەستلەکارکێشانەوەی حافیزە گایا و دەست بەکاربوونی فاتیح قەرەهان

گۆڕانکارییە یەک لەدوای یەکەکان لە پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا بووەتە هۆی ناسەقامگیری ئابووری و لەدەستدانی متمانەی گشتی و هەڵاوسانی بەرز و ترس و دڵەراوکێی هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا. هەرچەندە ڕەنگە بە دەستبەکاربوونی فاتیح قەرەهان گۆڕانکارییەکی ئەوەتۆ لە سیاسەتی نەختی بانکەکە روونەدات. لەبەر ئەوەی قەرەهان یەکێکە لە داڕیژەرانی ئەم سیاسەتەی ئێستا و جێگری حافیزە گایە بووە لە ماوەی هەشت مانگی سەرۆکایەتی گایە لە بانکەکەدا. بەڵام گۆڕانکاریە خێرا و بەردەوامەکان لە پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندی لە تورکیا، بەتایبەت دوای قەیرانی کۆرۆنا کە ئەمە چوارەم گۆڕانکاری ناچارییە لەم وڵاتەدا ئەنجام دەدرێت و بووەتە هۆی شڵەژان و نادڵنیایی لە سیاسەتی نەختی و کەمبوونەوەی دەستاودەستکردنی دراوەکان و کەمبوونەوەی سەرمایەی بیانی لەکاتێکدا تورکیا دوای دەست بەکاربوونی گایا لە هەوڵی تەواوەتی دابوو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی. هەروەها کاریگەری دەخاتە سەر زیادبوونی رێژەی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و پشکی کۆمپانیا تورکییەکان و بازاڕی دارایی ئەم وڵاتە رووبەروی شۆکێکی دیکە دەکاتەوە.

گرنگترین کاریگەرییە نەرێنیەکانی ئەم گۆڕانکاریانە لە داهاتوودا لەسەر بەهای لیرەی تورکی دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژی دووشەممە بەدواوە لیرە بکەوێتە ژێر کاریگەری و پاڵەپەستۆی ئەم گۆڕانکاریە و تا سەرەتای مانگی چواری داهاتوو دابەزین و لەدەستدانی بەهای لیرەی تورکی بەردەوام دەبێت. بەشێوەیەکی گشتی چاوەڕێ دەکرێ تا کۆتایی ئەمساڵ بەهای لیرە لەنێوان ئاستەکانی 3700 بۆ 3950 مامەڵەی پێوە بکرێ.