پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بۆ کوردستان24 وردەکاری گیانلەدەستدانی منداڵێک لە قوتابخانە دەخاتەڕوو

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی

K24 – سلێمانی:

بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو منداڵەی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی تانجەڕۆ گیانی لەدەستداوە، بە مردنی کتوپڕ بووە و هیچ رووداوێکی بۆنی غاز و سۆپا لەو قوتابخانەیە نەبووە و بۆ بڕیاری کۆتاییش چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی دادی دەکەن.

رۆژی یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) تریفە محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، ئەو قوتابییەی لە قوتابخانەی چەقڵاوا لە تانجەڕۆ گیانی لەدەستداوە، بەگوێرەی بەدواداچوونیان لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، لەماوەی پشووی نێوان وانەکان بووە و بەهیچ جۆرێک پێشتر زانیارییان نەبووە نەخۆشی هەبووبێت یاخود بەهۆی بۆنی غاز و سۆپاوە تەندروستی تێکچووبێت.

تریفە محەممەد روونیکردەوە، دوای ئەوەی ئەو منداڵە بەشێوەیەکی لەناکاو لەسەر تەختەی دانیشتنەکەی لە پۆلدا دەکەوێت، قوتابییەکان یەک دووانیان ئامۆزا و خاڵۆزای ئەو منداڵەن، مامۆستاکانیان ئاگادارکردووە و ئەوانیش منداڵەکەیان بردووەتە ژووری مامۆستایان و دواتر رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، دوای ئەوەی هەستیان کردووە هەر لەوێ بەشێوەیەکی کتوپڕ گیانی لەدەستداوە.

هاوکات بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی باسی لەوەشکرد، بەدواداچوونیان کردووە لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم قوتابخانەکانی ناوچەکە و لە هیچ پۆل و قوتابخانەیەک دیاردەی بڵاوبوونەوەی بۆنی غاز یان سۆپا نەبووە و جگە لەو منداڵەش، تێکچوونی تەندروستی هیچ منداڵێکی دیکە تۆمارنەکراوە.

لەبارەی دەوامی قوتابخانەکەش، تریفە محەممەد ئاشکرایکرد، دەوام لە قوتابخانەی چەقڵاوا و هەموو قوتابخانەکانی دیکە ئاساییە و لە چاوەڕوانی راپۆرتی کۆتایی پزیشکی دادیین بۆ یەکلاییکردنەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانی منداڵەکە و دواتر هەر رێکار و روونکردنەوەیەک پێویست بێت، بەڕێوەبەر و مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیەش ئامادەییان نیشانداوە لەبارەی ئەو رووداوە هاوکاری بکەن.

لە روونکردنەوەیەکیشدا، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی رایگەیاندووە، ئەو منداڵە ناوی (لەوەند کاروان)ـە و قوتابی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی بووە و بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی دادی بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە نەک بەهۆی غازی سۆپاوە و جەختی کردووەتەوە هیچ قوتابییەکی دیکە لە سنووری پەروەردەکەیان تووشی تەنگەنەفەسی نەبوون و رەوانەی نەخۆشخانە نەکراون.