ئایشەگول دۆغان: دەم پارتی لە ئیستانبوڵ بە کاندیدی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات

ئایشەگول دۆغان، گوتەبیژی دەم پارتی
ئایشەگول دۆغان، گوتەبیژی دەم پارتی

K24 – هەولێر:

گوتەبیژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە ئیستانبوڵ بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن و کاندیدەکەشی تا 9ـی ئەم مانگە رادەگەیەنن.

رۆژی یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبیژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە ئیستانبوڵ بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن و تا 9ـی ئەم مانگە کاندیدی ئیستانبوڵ و سەرجەم ئەو شارەوانییانەی کە ناویان رانەگەیەندراوە، ئاشکرا بکەن.

لەبارەی کاندید دەم پارتی لە ئیستانبوڵ، دۆغان باسی لەوەکرد، باشاک دەمیرتاش یەکێکە لەو کەسانەی کاندیدە بۆ ئیستانبوڵ و لەگەڵ چەندین ناوی دیکە کە لای خەڵک پێشوازییان لێکراوە، لەسەر مێزی گفتوگۆن و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکریت و لەگەڵ خۆیان راوێژ دەکرێت.

دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە ئەوکات لەرێگەی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کردبوو، بەهۆی نەبوونی کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووبووەوە. تەنانەت دەنگەکانیشی بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی دیکە کەمی کرد و دەرئەنجامی راپرسییەکە دەریدەخات کە کورد بە گشتی لەگەڵ ئەوەیە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاندیدی خۆی هەبێت.

بەگوێرەی کۆتا راپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوێست، کە لەگەڵ 1002 دەنگدەری کورد لە ئیستانبوڵ کردوویەتی کە پێشتر دەنگیان بە پارتی چەپی سەوز داوە، لە 69.6%ـی دەنگدەران دەڵێن پێویستە دەم پارتی کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان هەبێت، هاوکات لە 25.5%ـیشی لەگەڵ ئەو بۆچوونە نین، لە 3.9%ـیش هیچ بۆچوونێکیان دەرنەبڕیوە.

لەراپرسییەکەدا پرسیاری ئەوە کراوە کە کێ بە شیاو دەزانن بۆ ئەوەی دەم پارتی لە ئیستانبوڵ کاندیدی بکات، لە ئەنجامدا لە 34.3% لەگەڵ ئەوەن باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش کاندید بکرێت، لە 26.5%ـیان لەگەڵ سرری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و لە 6.9%ـیشی لەگەڵ ئەوەدان عوسمان بایدەمیر کاندید بکرێت.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.