گرووپە میلیشیاکان لە سووریا خۆیان رێکدەخەنەوە

K24 - هەولێر

دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکان لە عێراق و سووریا، بەشێک لە گرووپەکان لە سنووری دێرەزوور و مەیادینی سووریا جێگۆڕکێ و ئامادەکاریی رێکخستنەوەی هێزەکانیان دەکەن، بۆ ئەوەی لە هێرشەکانی ئەمەریکا بەدوور و پارێزراوبن.

رۆژنامەی سەرقولئەوسەتی سعوودیە بڵاویکردووەتەوە، گرووپی "لیوای فاتیمیون"، کە چەکدارانی ئەفغانی سەر بە ئێرانن لە شارۆچکەی سبێخانی سەر بە پارێزگای دێرەزوور ئامادەکارییە سەربازیی و لۆجستییەکانی دەستپێکردووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، چەکدارانی گرووپەکە بە یاوەری چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانیی و سوپای پاسدارانی ئێران، لە رێگەی چەند ئۆتۆمبێلێکەوە، کە مووشەکی کورتمەودای جۆری کاتیۆشا، گراد و درۆنیان تێدابووە، چوونەتە نێو وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی سبێخان لە سەر رووباری فورات.

لەلایەکی دیکەوە چەکدارانی سوپای پاسدارانی ئێران لە چوارگۆشەی ئەمنی لە گەڕەکی تەموو لە شاری مەیادینی رۆژئاوای پارێزگای دێرەزوور جبەخانەکانیان بەتاڵکردووە و هێزەکانیان گواستووەتەوە نزیک بازاڕی ئاژەڵفرۆشان، لە شوێنێکی نیشتەجێبوون و لە نێوان ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل خۆیان حەشارداوە، بۆ ئەوەی لە هێرشی ئەمەریکا پارێزراوبن.

هەروەها روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەی بوکەمال بەشێک لە سەرکردەکانیان گواستووەتەوە گەڕەکی مەساکن لە دێرەزوور و بەشێکیشیان گواستووەتەوە شاری تەدموور لە نزیک سنووری سووریا و عێراق.

روانگە ئاماژەیداوە، لە دوای هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ بنکە و بارەگای گرووپە میلیشیاکان، هێزەکانی رژێمی سووریا لە سنووری بوکەمال لە بازگەکاندا چاودێریی و پشکنینەکانیان وردترکردووە.

لەبارەی دوایین زانیارییەکانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا، کە شەوی هەینی رابردوو لە عێراق سووریا ئەنجامیدا، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاندووە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونەکان لە کۆی 85 ئامانج توانراوە 84یان وێران بکرێن یان زیانیان پێبگەیەنرێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە لەبارەی کوژرانی چەکدارانی ئێرانی.

هەروەها جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە کەناڵی (ئێن بی سی) ئەمەریکی گوتووە؛ بۆ گەیاندنی پەیامی ئەوەی ئەمەریکا بێدەنگ نابێت لە کوژرانی سەربازەکانی، چەند هێرش و رێکارێکی دیکە دەگرنەبەر، ئەمەش لە پەیامەکەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بە روونی دیاربوو.

درەنگانی شەوی هەینی (2ی شوباتی 2024) فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە ماوەی نزیکەی 30 خوولەکدا چوار دامەزراوە لە سووریا و سێ دامەزراوەیان لە عێراق بۆمببارانکرد، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر بنکەی تاوەر22 لە ئوردن، کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و دەیان سەربازی دیکەش برینداربوون.