دوای ساڵێک لە بوومەلەرزەکەی تورکیا تا ئێستا خەڵک لەناو چادر و کۆنتێنەرەکان دەژین

ناوەندی شاری ئەنتاکیا، تورکیا
ناوەندی شاری ئەنتاکیا، تورکیا

K24 - هەولێر

دوای ساڵێک لە بوومەلەرزە بەهێزەکەی تورکیا، ئەستەمە کەسێک لە شاری هاتای یان ئەنتاکیا لە باشووری تورکیا، بدۆزرێتەوە کە ئەندامێکی خێزانەکەی یان دۆست یان دراوسێیەکی لەدەست نەدابێت، شارەکە نزیکەی نیوەی دانیشتوانەکەی لەدەستدا و بەشێکی زۆرشیان کۆچیان کرد بۆ شارەکانی وەک ئیستانبوڵ و ئەنقەرە.

ئێستا رزگاربووان لەهەوڵی دروستکردنەوەی ژیانیانن لەنێو شارە وێرانبووەکەدا، لەسەر دیوارەکان هەندێک نوسراو لەگەڵ نووسرابوون وەک، "ئێمە نەڕۆشتین، هیوا لەدەست نادەین، دەگەڕێینەوە، ماڵەکانمان داڕما نەک خەونەکانمان"، ئەمەەش وەک ئیرادەیەک بۆ زیندوو راگرتنی یادەوەری بوومەلەرزەکە و خۆڕاگری خەڵکی هاتای بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە. کە ئەمڕۆ لە یەکەم ساڵیادی بوومەلەرزەکەدا زۆر دوکان کراوەن، بازاڕی سەوزە و میوەی ناوخۆیی کە پڕە لە خەڵک، بەڵام هەریەکەیان چیرۆکێکیان هەیە بۆمان باس لەوە دەکەن کە ژیان لەم شوێنەدا چەندە سەختە.

دوای ساڵێک لە بوومەلەرزەکە، سەردانیکەران سەریان سوڕدەمێنێت کە شوێنەکە هێشتا وەک خۆیەتی، وەک ئەوەی هیچ کات بەسەر ئەو کارەساتەدا تێنەپەڕیبێت، کە چادر و دەفر و کەلوپەل لە هەموو شوێنێک ماون.

دیمەنی شارەکە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، تەواوی ناوچەکان لەگەڵ زەوی تەخت کراون، بەجۆرێک کە رزگاربووان نازانن ماڵەکانیان لە کوێیە، "یەیگیت"، خوێندکارێکی زانکۆیە و خەڵکی شارەکەیە و دەڵێت: لەگەڵ هاوڕێکەی نزیکەی کاتژمێرێکی پێچووە هیچ کامیان نەیانتوانیوە باسی شوێنەکەیان بکەن.

ئەمڕۆ زۆرێک لەو رزگاربووانەی لە شارەکەدا ماونەتەوە یان لە گوندەکانی دەوروبەری هاتای دەژین، بەگوێرەی راگەیاندنی فەرمی کە لە مانگی نۆڤەمبەری 2023دا راگەیەندراوە، زیاتر لە 50 هەزار خێزان لە 175 کۆنتێنەردا دەمێننەوە کە لە سەرانسەری شارەکەدا بڵاوبوونەتەوە.

هەروەها ئەوانەی ماڵەکانیان لەدەستداوە توانیان سوودمەند بن لە بەرنامەیەکی هاوکاری کە خەرجییەکانی گواستنەوە و تێچووی کرێ دەگرێتەوە، بەڵام ئەو بڕە پارانەی کە وەک بەشێک لە بەرنامەکە تەرخانکراون بەشی کرێی شوقەیەک ناکەن، دوای ئەوەی نرخەکان بەرزبوونەوە، جا بەهۆی لەدەستدانی باڵەخانەی نیشتەجێبوون بێت یان بەهۆی بەرزی رێژەی هەڵاوسان بێت لە تورکیا.

لە ناوچەکانی دیکەی ئەنتاکیا، پەکخستنی بژێوی سەرەتایی هێشتا کێشەیەکی سەرەکییە. خاتوو ئەلیف، مامۆستایە کە ئێستا لەناو کۆنتێنەردا دەژی، روونی دەکاتەوە کە کیشەکان کەمتر بوون، بە بەراورد بە مانگەکانی یەکەم، بەڵام کاتێک کارەبا دەپچڕێت، هەندێکجار 48 کاتژمێری پێدەچێت، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بوومەلەرزەکە پێویستی دەستبەجێ ئەوە بوو کە بە خێرایی کارەبا بگەڕێندرێتەوە، بۆیە کرێکاران کێبڵەکانیان بە پێ دەبرد بۆ هەر شوێنێک بۆ ئەوەی بە خێرایی کارەبا بهێننەوە، ئێستا کاتێک پچڕانی کارەبا هەیە، کاتێکی زۆری دەوێت تا بزانرێت چی بەسەر کێبڵێکاندا هاتووە.

لە ئێستادا باران بارین ترسێکە بەهۆی شوێنی نیشتەجێبوونی کاتی شارەکەوە، هۆکاری پچڕانی کارەبا تەنها پەیوەندی بەو بارانبارینە زۆرەوە نییە، بەڵکو زۆربەی کۆنتێنەرەکان بە هیچ شێوەیەک دژە ئاو نین، ئەمەش مەترسیەکەی دوو هێندە زیاد دەکات، رزگاربووەکانیش ئەمە دەخەنە ئەستۆی نەبوونی پلان و هەماهەنگی کە لە دوای ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنەوە بەردەوام بووە.

سینیم، ژنێکی تەمەن 45 ساڵە و لەگەڵ سێ منداڵەکەی و هاوسەرەکەی لەناو کۆنتێنەرێکی 21 مەتر چوارگۆشەدا دەژی، دەڵێت: "ئێمە ناتوانین پلانی هیچ شتێک دابنێین، و تەنها هەوڵدەدەین هەر رۆژێک لە یەک کاتدا بخۆین". هەروەها قوتابخانەی منداڵەکانی لە کاتی بوومەلەرزەکەدا داڕماوە و ئێستا لە دوور ناویان بۆ خوێندن تۆمار کراوە.

زۆرێک لە خێزانە دەوڵەمەندەکان، ژنەکانیان بە مەبەستی پەروەردەکردنی منداڵەکان کۆچیان کردووە بۆ شارەکانی دیکە، لە کاتێکدا پیاوەکان بۆ درێژەدان بە کارەکانیان لە شاری هاتای دەمێننەوە، یوسف یەکێکە لەوانە،لە ئێستادا لە کۆنتێنەرێکدا دەژی کە لە گوندەکەی دانراوە و شوقەیەک لە ئیستانبوڵ بۆ هاوسەر و منداڵەکانی بە کرێ گرتووە، دوای مانەوەی ماوەیەکی کورت لە ئیستانبوڵ، گەڕایەوە بۆ ئەنتاکیا بۆ کردنەوەی دووکانی پێڵاوەکەی، کە دوای بوومەلەرزەکە زۆربەی کڕیارەکانی سەرباز و ئەفسەری پۆلیس و کرێکارەکان بوون کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری یان بۆ کاری بیناسازی هاتبوونە شارەکە.

ئەوانەی لەو باڵەخانانەی تاڕادەیەک زیانپێکەوتوو دەژین بۆ چەند مانگێک لە دۆخێکی نادیاردا مانەوە، چونکە دەسەڵاتداران دابەشبوون لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەم بالەخانانە سەلامەتن بۆ ژیان یاخود نا، یان ئایا پێویستە بڕوخێنرێن و دووبارە دروستبکرێنەوە یان نا.

رۆژی دووشەممە (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك  بە گوڕی 7.4 به‌ پلەی رێختەر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی باكووری كوردستان و توركیا، هه‌روه‌ها رۆژئاوای كوردستان و سووریای هەژاند، بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدان، و برینداربوون و بێسه‌روشوێنبوونی هه‌زاران كه‌س.