هەسەدە کوژرانی شەش چەکداری لە کێڵگەی نەوتی عومەر راگەیاند

كێڵگەی نەوت عومەر لە دێرەزوور - سووریا
كێڵگەی نەوت عومەر لە دێرەزوور - سووریا

K24 – هەولێر

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کوژرانی شەش چەکداری بەهۆی هێرشێکی درۆنی گرووپی بەناو موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە کێڵگەی نەوتی عومەر راگەیاند و دەڵێ؛ "بەمافی خۆمانی دەزانین وەڵامی هێرشەکە بدەینەوە".

ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە هەواڵی کوژرانی ژمارەیەک چەکداری لە هێرشە درۆنییەکی سەر کێڵگەی نەوتی عومەر پشڕاستکردەوە و بڵاویکردووەتەوە، درەنگانی شەوی رابردوو لە رێگەی درۆنەوە بنکەیەکی ئەکادیمیای مەشق و راهێنانی هێزەکانی لە کێڵگەی عومەر لە سنووری دێرەزوور کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە شەش چەکداریان کوژراوە.

هەروەها هێرشە درۆنییەکەی بەکردەوەیەکی تیرۆرستی ناساندووە و رایگەیاندووە، درۆنەکە لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریاوە ئاراستەی بنکەکە کراوە، بەمافی خۆیانی دەزانێت وەڵامی هێرشەکە بدەنەوە.

کێڵگەی نەوتی عومەر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور و بنکەیەکی سەربازانی ئەمەریکی تێدا جێگیرە، کێڵگە نەوتییەکە لەلایەن هەسەدە و ئەمەریکییەکان بەهاوبەشی بەڕێوەدەبرێت.

پێشووتر بەرەی بەناو موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاندبوو، بەدرۆن هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە کێڵگەی عومەر لە سووریا، ئەمەش یەکەم هێرشی گرووپە میلیشیاکانە دوای سێ رۆژ تێپەڕبوون بە سەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەو گرووپانە لە عێراق و سووریا.

هەروەها رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەکوردستان24ی راگەیاندبوو، لە هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی نەوتی عومەر، جگە لە کوژرانی ژمارەیەک چەکداری هەسەدە، نزیکەی 20 چەکداری دیکەش برینداربوون.