چیپی ئەلکترۆنییان خستە ناو دەماغی مرۆڤێک

کۆمپانیای نیرۆلینکی ئیلۆن مەسک چیپی ئەلکترۆنییان خستە ناو دەماغی مرۆڤێک، لەرێگەی ئەو چیپە بەکارهێنەر دەتوانێت مۆبایل بەکاربهێنێت بەبێ بەکارهێنانی دەستەکانی و یارمەتیدەر دەبێت بۆ خستە جوڵەی ئەو ماسولکانەی کە ناچالاکن

یەکەم نەشتەرگەری کۆمپانیای نیرۆلینک بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا

ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای نیرۆلینک دەڵێت "کارەکە سەرکەوتوو بووە و بەم زووانە دەتوانێت مۆبایل بەکاربهێنێت بێ ئەوەی پەنجەکانی بەکاربهێنێت تەنیا بە بیرکردنەوە دەتوانێت مۆبایل یان کۆمپیوتەر بە مێشکی کارپێبکات"

چیپی ئەلکترۆنی واتە "خەریتەیەکی دەستکرد"یان خستە ناو دەماغی مرۆڤێک کە دەستەکانی لەدەستداوە، ئەو چیپە لەگەڵ دەمارەکانی ناو دەماغی ئەو مرۆڤە کار دەکات، هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی خانە دەمارییەکانی بەکاربهێنێت بۆ جووڵە و ئەنجامدانی چەند کارێک کەوا پێشتر نەیتوانیوە بیکات، ئیلۆن مەسک کە خاوەنی ئەو کۆمپانیایە دەڵێت "یەکەم بەرهەمی نیرۆلینک پێی دەوترێت "تێلێ پاثی" لە رێگەیەوە بەکارهێنەر دەتوانێت تەنیا بە بیرکردنەوەی مێشکی مۆبایل یان لاپتۆپ کار پێبکات، پێویستی بە دەستەکانی ناکات" مەسک نموونەیەک دەهێنێتەوە دەڵێت "بیهێننە پێشچاوتان زانا ستێفن هۆکینگ بەو چیپە بتوانێت خێراتر قسە بکات نەک لە رێگەی کۆمپیوتەرێکی خاو کارەکانی بکات"

یەکێك لە ئامانجەکانی ئەو نەشتەرگەرییە بۆ ئەو کەسانەیە کەوا ئەندامێکی جەستەیان مردووە، نموونە کەسێک دەستێكی لەکار کەوتبێت بەهۆی دەمارێکەوە، ئەو چیپە ئەو دەمارە بە کار بخاتەوە و کەسەکە بتوانێت دەستی بەکاربهێنێتەوە، هەرچەندە ئەمە یەکەم نەشتەرگەرییە لەسەر مرۆڤ ئەنجام بدرێت بەڵام پێشتر کۆمپانیای نیرۆ لینک ئەو تاقیکردنەوەی لەسەر چەند ئاژەڵێک ئەنجام داوە و تێیدا سەرکەوتوو بووە.

نیرۆلینک یەکەم کۆمپانیایە لە مێژووی جیهان بتوانێت رێگەپێدان بۆ کارێکی لەو شێوەیە لە حکومەتەکان وەرگرێت، چونکە دانانی چیپی ئەلکترۆنی لەناو دەماغی مرۆڤ کارێکی ئاسان نییە پێشتر قەدەغەبووە، ئێستا ئەو چیپەی ناو دەماغی ئەو مرۆڤە کارەیە، دەتوانێت لەرێگەی سیگناڵی وایفای و بلووتس پەیوەندی لەگەڵ ئامێرەکان ببەستێت و دەمارەکانی ناو دەماغی ئەو مرۆڤەش بەکاربخات