راوێژکاری خامنەیی وەڵامی ترەمپ دەداتەوه

عەلی شەمخانی، راوێژکاری خامنەیی و ئەمینداری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران
عەلی شەمخانی، راوێژکاری خامنەیی و ئەمینداری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران

K24 – هەولێر:

راوێژکاری خامنەیی و ئەمینداری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران دوایین لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت به ئاگادارکردنەوەیان بەر له هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر عەین ئەسەد رەتکردەوه.

ئەمڕۆ دووشەممە (5ـی شوباتی 2024) عەلی شەمخانی، راوێژکاری خامنەیی و ئەمینداری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لەبارەی هێرشی مووشەکیی سەر عەین ئەسەد وەڵامی دوایین لێدوانەکانی ترەمپی دایەوە و گوتی: به هیچ شێوەیەک له هێرشی مووشەکیی عەین ئەسەد که له تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی ئەنجام درا بەرپرسانی ئەمەریکا ئاگادارنەکرابوونەوه و هێرشەکه تەواو لەناکاو بوو.

ئاشکراشی کرد، ئەم گوتانەی ترەمپ بۆ خۆدزینەوەیه لەو سکاڵایانەی کە له دادگای لەسەری تۆمارکراون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، "ئەمەریکا کاتێک قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بە ئامانج گرت، دوای کووشتنیان ئێران ئاگاداری کردمەوە کە ئێمە لە وەڵامی ئەو هێرشانە چەند مووشەکێکی ئاراستەی بنکە سەربازیەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەین، بەڵام وادەکەین ئەو مووشەکانە بە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد نەکەون.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گوتیشی: ئێران پێان راگەیاندم کە ئەو هێرشانەی ئەوان دەیکەن لە وەڵامی کووشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسە تا خەڵکی وڵاتەکە بزانن هەڵوێستمان هەبووە، تۆڵەمان کردووەتەوە و بێ دەنگ نەبووینە.

رۆژی (3ـی کانوونی دووەمی 2020)، قاسم سولەیمانی، فەرمانداری فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ ئەبومه‌ھدی موھەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە رێگەی مووشەکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، هەردووکیان لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی دیکەی حەشدی شەعبی کوژران. هەمان رۆژ حه‌شدی شه‌عبی له‌ تویته‌ره‌وه‌ هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاستكردەوە‌ و رایگه‌یاند‌: قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا ئۆتۆمبێله‌كه‌یان كراوه‌ته‌ ئامانج و هه‌ردووكیان كوژراون.

سوپای ئەمەریکا و کابینەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، وەک سەرکەوتنێکی ئەمنی گەورە هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە.