نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش: پابەندین بە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دام باربارا، نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش
دام باربارا، نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش

K24 - هەولێر:

نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت: بەریتانیا پشتیوانی لە هەوڵەکان دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهان لە نێویشیان عێراق و سووریا، هاوکات پابەندین بە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دام باربارا، نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، لەمیانەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەریتانیا ئیدانەی هەموو ئەو هێرشانە دەکات کە لە عێراق و سووریا دەکرێتەسەر هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکات پابەندین بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت عێراق و سووریا.

نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، دەڵێت: داعش بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان، توانای هەیە هێرش ئەنجامبدات، ئامانجی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رووبەڕووبوونەوەی داعشە.

دام باربارا، گوتیشی: ئێران پاڵپشتی دارایی و سەربازییەکانی بۆ میلیشیاکان بووەتە هۆی ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.