نوێنەری سووریا لە ئەنجومەنی ئاسایش: ئەمەریکا سەروەری سووریا و عێراقی پێشێلکردووە

K24 - هەولێر

نوێنەری سووریا لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەمەریکا سەروەری ئێمەو عێراقی دراوسێمانی پێشێلکردووە کە ئەمەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مرۆییەکانە.

دوێنێ دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024، قوسەی عەبدولجەبار، نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سووریا و عێراق رایگەیاند، ئەمەریکا سەروەری ئێمەو عێراقی دراوسێمانی پێشێلکردووە کە ئەمەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مرۆییەکانە، هەروەها دژی پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بۆیە دەبێت ئیدانە بکرێت لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە.

بەگوتەی ئەو نوێنەرە: "دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا بووەتە کوژرانی 37 کەس لە هاووڵاتیی سڤیل و سەرباز لەگەڵ برینداربوونی ژمارەیەک سەرباز و بووەتە هۆی وێرانکردنی چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کە هاووڵاتیی سڤیلی تێیدا بووە، قوتابخانە و ئۆتۆمبێلی سڤیل بەرکەوتووە، لەگەڵ قەڵای رەباب کراوەتە ئامانج کە شوێنێکی مێژووییە".