کۆمپانیایەکی کۆری بۆ لەدایکبوونی هەر منداڵێک 75 هەزار دۆلار بە کارمەندەکانی دەدات

کۆریای باشوور
کۆریای باشوور

K24 - هەولێر

کۆمپانیای بویۆنگی کۆریای باشوور کە کۆمپانیایەکی بیناسازییە رایگەیاند، هەر کارمەندێکی منداڵی ببێت، ئەوە بڕی 100 ملیۆن وۆن کە دەکاتە 75 هەزار دۆلاری ئەمەریکی پێدەدات، ئەمەش بۆئەوەیە رێژەی کەمی لەدایکبوونی وڵاتەکەی بەرزببێتەوە.

کۆمپانیای بویۆنگی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە مانگی یەکی ساڵی 2021ەوە کۆی گشتی 7 ملیار وۆنیان داوەتە 70 کارمەند، بە هەردوو رەگەزی پیاو و ئافرەت، کە لە مانگی یەکی ساڵی 2021ەوە منداڵێک یان زیاتریان هەیە.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پابەند دەبێت بە پرۆگرامی هاندان، لە هەمان کاتدا پلانی هەیە 300 ملیۆن وۆن یان شوقەیەک بۆ کرێی هەمیشەیی بۆ سێیەم منداڵی کارمەندانی کۆمپانیاکە دابین بکات.

ئەمە یەکەمجارە کۆمپانیایەکی کۆریای باشوور هاندانێکی وەها بەرز بۆ لەدایکبوون پێشکەش بە کارمەندەکانی بکات.

سەرۆکی کۆمپانیاکە، لی جو کیون، گوتی: "لەگەڵ دابەزینی ئەو خێراییەی رێژەی لەدایکبوون، پێشبینی دەکرێت لە 20 ساڵ داهاتوو وڵاتەکە رووبەڕووی مەترسی لەناوچوون ببێتەوە، کۆمپانیاکە هاندانێکی بێ وێنەی بۆ خێزانی کارمەندان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی یارمەتی کەمکردنەوەی بارگرانییە داراییەکان و کێشەکانیان بکات لە هاوسەنگکردنی کار و ژیاندا".

رێژەی منداڵبوون لە کۆریای باشوور لە ساڵی 2022دا گەیشتە نزمترین ئاست کە 0.78 بوو، زۆر لە خوار ئاستی جێگرەوەی 2.1 بوو کە ژمارەی دانیشتوانی کۆریای باشوور بە جێگیری لە 50 ملیۆن کەس دەهێڵێتەوە.

دەسەڵاتی ئاماری کۆریای باشوور دەڵێت: ژمارەی تازە لەدایکبووەکان لە ساڵی 2022دا گەیشتە 250 هەزار منداڵ، پێشبینیش دەکات لە ساڵی 2025دا بۆ 220 هەزار منداڵ دابەزێت، دواتر تا ساڵی 2072 زیاتر دابەزێت بۆ 160 هەزار.